بۆ پێگەیشتووان

پاڵپشتیکردنی پێگەیشتووان

ئایا هیچ کام لەم کێشانەى خوارەوە، یان هاوشێوەى ئەم کێشانەت هەیە؟

ئایا هیچ شتێکى ناخۆشت بەسەرهاتووە کە لە بیرت نەچێتەوە؟ کەسێکى ئازیزت لەدەستداوە؟ ئایا هەمیشە خەمباریت و نازانیت هۆکارەکەى چییە؟ ئارەزووت لە ژیان نەماوە؟ کێشەى خەوتنت بۆ دروست بووە و تەنانەت بیریشت لەوە کردووەتەوە ژیانى خۆت کۆتایى پێبهێنیت؟ ئایا هەندێک جار تووڕە دەبیت، یان دەترسیت و ناتوانیت خۆت کۆنتڕۆڵ بکەیت؟ ئایا کێشەیەکت هەیە کە ناتوانیت باسى بکەیت؟

چى بکەیت باشە؟

کێشەکەت هەر چییەکە، پێویست ناکات بەتەنیا ڕووبەڕووى ببیتەوە. پێویستە هەمیشە داواى یارمەتى بکەیت و باسى کێشەکانت بکەیت. ڕەنگە هاوڕێیەک، یان ئەندامێکى خێزانەکەت زۆر نزیک بێت لێتەوە و بتوانیت زۆر یارمەتیت بدات.

ئەگەر هیچ کەسێک نییە قسەى بۆ بکەیت یان هیچ کەسێک نییە متمانەى پێبکەیت، دەتوانیت هەموو کاتێک پەیوەندى بە ئێمەوە بکەیت، یان سەردانى یەکێک لە بنکەکانمان بکەیت. زۆر کەس سەردانى ئێمە دەکەن لەبەرئەوەى ئەوانیش کێشەى وەک ئەوەى تۆیان هەیە.

ئەگەر خۆت نەتەوێت، ئێمە بەهیچ شێوەیەک بابەت و کێشەکانت بە خزم و کەسوکارت و هیچ کەسێک ناڵێین. هەر چییەک تۆ دەیڵێیت لەنێوان خۆت و تیمەکەماندا دەمێنێتەوە و دەرناچێت. تۆ خۆشت سەرپشکیت لەوەى قسە لەگەڵ کارمەندێکى ژن یان پیاو دەکەیت.

هەموو خزمەتگوزارییەکانمان بێبەرامبەرن و بەبێ ئەوەى گوێ بدەینە ئەوەى تەمەنت، ڕەگەزت، ئاینت، یان نەژادت، یارمەتیت دەدەین.

بۆ خزمێک یان هاوڕێیەکت نیگەرانیت؟

ئایا هیچ خزم، ناسیاو، یان هاوڕێیەکت هەیە کە هەمیشە خەمبار و تووڕە بێت؟ ئایا کەسێکى نزیکت هەیە کە هەستت کردبێت لەناکاو هەڵسوکەوتى گۆڕاوە؟ ئایا گوێت لە هیچ کەسێک بووە باسى خۆکوشتن بکات؟

ئەگەر خەمى خزمێک یان هاوڕێیەکتە، دەتوانیت هەموو کاتێک پەیوەندیمان پێوە بکەیت یان سەردانى یەکێک لە بنکەکانمان بکەیت. ئێمە دەتوانین ئامۆژگاریت بکەین کە چۆن یارمەتى ئەو کەسانە بدەیت و چارەسەر بۆ دۆخە قورسەکان بدۆزیتەوە.