پاڵپشتیکردنی منداڵان و لاوان

ئایا هیچ شتێکى ناخۆشت بەسەرهاتووە کە لە بیرت نەچێتەوە؟ ئایا هەمیشە خەمباریت و نازانیت هۆکارەکەى چییە؟ دایک و باوکت، کاتێک تووڕە دەبن، لێت دەدەن؟ کەسێکى ئازیزت لەدەستداوە؟ ئایا کێشەیەکت هەیە کە ناتوانیت باسى بکەیت؟ ئایا هیچ کەسێک هەیە ناچارت بکات شتێک بکەیت کە خۆت ناتەوێت؟

چى بکەیت باشە؟

کێشەکەت هەر چییەکە، تاوانى تۆ تێدا نییە. منداڵان پێویستە لەلایەن چواردەورەکەیانەوە پشتگیریى بکرێن و بپارێزرێن.

پێویستە هەمیشە داواى یارمەتى بکەیت و باسى کێشەکانت بکەیت. ڕەنگە هاوڕێیەک، یان ئەندامێکى خێزانەکەت زۆر نزیک بێت لێتەوە و بتوانیت زۆر یارمەتیت بدات.  ئایا هیچ مامۆستایەک شک دەبەیت بتوانیت لێى نزیک ببیتەوە و قسەى بۆ بکەیت؟

ئەگەر هیچ کەسێک نییە قسەى بۆ بکەیت یان هیچ کەسێک نییە متمانەى پێبکەیت، دەتوانیت هەموو کاتێک پەیوەندى بە ئێمەوە بکەیت، یان سەردانى یەکێک لە بنکەکانمان بکەیت. زۆر کەس سەردانى ئێمە دەکەن لەبەرئەوەى ئەوانیش کێشەى وەک ئەوەى تۆیان هەیە.

ئەگەر خۆت نەتەوێت، ئێمە بەهیچ شێوەیەک بابەت و کێشەکانت بە خزم و کەسوکارت و هیچ کەسێک ناڵێین. هەر چییەک تۆ دەیڵێیت لەنێوان خۆت و تیمەکەماندا دەمێنێتەوە و دەرناچێت. تۆ خۆشت سەرپشکیت لەوەى قسە لەگەڵ کارمەندێکى ژن یان پیاو دەکەیت.

هەموو خزمەتگوزارییەکانمان بێبەرامبەرن و بەبێ ئەوەى گوێ بدەینە ئەوەى تەمەنت، ڕەگەزت، ئاینت، یان نەژادت، یارمەتیت دەدەین.

ئایا خەمى منداڵێک یان هەرزەکارێکتە؟

زۆر منداڵ و هەرزەکار هەن کەوتوونەتە ناو ڕووداوى نەخوازراوى وەک جەنگ و تەقینەوە، بەجێهێشتنى ماڵ و شوێنى نیشتەجێبوون، توندوتیژی، خراپ مامەڵەلەگەڵکردن و فەرامۆشکردن. ئەمانە ئەو بارودۆخانەن کە مامەڵەکردن لەگەڵیان زۆر قورسە.

ئەگەر، وەک دایک یان باوک، منداڵت هەیە وهەست دەکەیت منداڵەکەت درەنگ فێرى قسە دەبێت یان بەقورسى قسەى بۆ دەکرێت و دەجووڵێت، یان زۆر چالاکە، یاخود مامەڵەى سەیر و توندوتیژە، ئەوا دەبێت زۆر بەگرنگییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەیت چونکە هەر یەک لەو خاڵانە دەکرێت کاریگەریى زۆر بکاتە سەر تواناى فێربوونى منداڵەکەت و سەرکەوتنى لە ژیانیدا.

ئەگەر دایک یان باوکى منداڵێکیت کە ئەزموونى دۆخێکى قورس و ناخۆشى کردووە، دەتوانیت هەموو کاتێک پەیوەندیمان پێوە بکەیت یان سەردانى یەکێک لە بنکەکانمان بکەیت. دەتوانین پێکەوە کاربکەین و ژیانێکى خۆش و تەندروستییەکى باش بۆ منداڵەکەت بگەڕێنینەوە.