Program for Women and Girls

دۆخى ژنان لە عێراقدا

لەسەردەمى ڕژێمى بەعسدا، ژنانى باکوورى عێراق/ کوردستان بەهۆى ڕەگەزیانەوە بووبوونە قوربانى و مافەکانیان پێشێل دەکران، بەتایبەتى ئەوانەى لەڕووى سیاسییەوە چالاک بوون، یان هاوسەر، دایک یان خوشکى ئەو کەسانە بوون کە دژى ڕژێمى بەعس دەجەنگان. دەستدرێژی و توندوتیژیى سێکسى دژى ژنان ڕێگەیەک بوو بۆ ئازاردانى ژنان، تێکدانى پێکهاتەى خێزانەکان، شێواندنى کلتوور و پێکەوەژیانى نێوان پێکهاتەکان، هەروەها بۆ شەرمەزارکردنى ئەوانەشى کە لە ڕژێمەکە یاخى بووبوون و دژى وەستابوونەوە.

لەماوەى شاڵاوە بەدناوەکانى ئەنفالدا، هەزاران ژن بەهۆى ڕووداوى سەربازی و کوشتن و هەڵهاتنەوە خزم و کەسوکاریان لەدەستدا. بەهۆى لەدەستدانى خزم و کەسوکارەکانیانەوە، زۆربەى کات ژنان لە نەهامەتی و نامۆیى و تەنیاییدا دەژیان. لە هەمان کاتیشدا، دەبوو بەرگەى ژیانى قورسى ئەو سەردەمە بگرن و ژیانى ئەندامى ترى خێزانەکانیان دابین بکەن.

سەرەڕاى ئەوەش، ژنانى گەنجى باکوورى عێراق/ کوردستان هێشتاش ڕووبەڕووى شێوازە جیاجیاکانى چەوساندنەوە دەبنەوە، وەک توندوتیژیى خێزانى، کوشتن لەسەر شەرەف، هاوسەرگیریى زۆرەملێ، خەتەنەکردن و دابینەکردنى هەلى خوێندن و پەروەردە بۆیان.

خزمەتگوزارییەکانمان بۆ ژنان و کچان

لە هەر یەک لە بنکەکانماندا بەشى ژنان-مان هەیە کە تەواوى کارمەند و چارەسەرکارەکانى لە ڕەگەزى مێن. بەشەکانى ژنان کار لەسەر کەمکردنەوەى ئەو کاریگەرییە ماوەدرێژانە دەکەن کە ژنان بەهۆى ڕەگەزیانەوە ئەزموونیان دەکەن. ئامانجى ئەو بەشانە لەم چەند خاڵەى خوارەوەدا ڕوون دەکەینەوە:


هەموو ساڵێک، دەزگاى ژیان یارمەتی نزیکەى هەزار ژن دەدات کە بوونەتە قوربانیى دەستى توندوتیژی. ژنان و کچان یارمەتیى پزیشکى و دەروونیی تایبەت بە ڕەگەزى خۆیان وەردەگرن، هەروەها بەشدارییان پێدەکرێت لە گرووپى گفتوگۆ و سیمینارە پەروەردەییەکاندا. سەرەڕاى ئەمانەش، لە خوێندگا ئێوارانەکاندا دەخرێنەوە بەر خوێندن و خولى پیشەییان بۆ دەکرێتەوە، بنکەى ڕاهێنانەوە و چارەسەرکاریان بۆ دابین دەکرێت.

چارەسەر و هاوکاریى خێزانى ڕێگایەکى باشن بۆ بنیاتنانى پەیوەندییەکى دروست و ناتوندوتیژ کە دەکرێت لەڕێگایەوە ئەندامانى خێزان زیاتر لە یەک نزیک ببنەوە و خێزانێکى جێگیر و بەهێز دروست بکەن.

یارمەتیدان و پشتگیریکردنى ئەو ژنانەى ڕووبەڕووى توندوتیژى بوونەتەوە کاریگەرى ئەرێنیى گەورەى هەیە لەسەر ئەندامانى ترى خێزان. کاتێک ژنان دەزانن مافە بنەڕەتییەکانیان چین، دەتوانن خۆیان و منداڵەکانیان لە توندوتیژیى خێزانى بپارێزن. سەرەڕاى ئەمانەش، ئەو ئەزموونە ئەرێنى و کاریگەرانە لەگەڵ پیاوانى ناو خێزانەکانیان هاوبەشى پێدەکەن کە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان فێریان بوون، بەوەش تێگەیشتن و هەماهەنگى زیاتر دەخەنە خێزانەکانەوە.

ڕێکخراوى مزریۆر و یەکێتیى ئەوروپا ئەرکى دارایى ئەو کار و خزمەتگوزارییانە دەگرنە ئەستۆ کە ئێمە بۆ بۆ ژنان و کچانیان دابین دەکەین.

زانیاریى زیاتر

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر کارى ئێمە و ڕێگاکانى هاوکاریکردنمان، تکایە ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی..