زۆر بێزارم لەم ژیانە

توندوتیژیی خێزانی
ڕۆزا ژنێکی ماڵەوەی نەخوێندەواری تەمەن ٣٨ ساڵە. ڕۆزا بۆ ئەوە سەردانی دەزگای ژیانی کرد تا دوای ئەزموونێکی دوور و درێژ لە توندوتیژیی و دەستدرێژیی کردنە سەر، چارەسەر وەربگرێت.

توندوتیژییەکە لەلایەن باوکی خۆمەوە بوو. دایکمان ژنێکی داماو بوو. هەمیشە دەگریا چونکە دەیزانی باوکم لەگەڵ ژنێکی تردا پەیوەندی هەبوو بەڵام هیچی لەدەست نەدەهات بیکات. کاتێک هێشتا منداڵ بووم، یەکێک لە ئامۆزاکانم دەستدرێژیی سێکسییان کردە سەرم. هێشتا لەسەر ئەو بابەتە زۆرم ڕق لەو ئامۆزایەمە. کەس نەیدەتوانی لێم تێبگات، بۆیە ئەو نهێنییەم شاردەوە. شەش مانگ دوای ئەو ڕووداوە ناخۆشە باوکم مرد. شتەکە بۆ من سەیر بوو چونکە هیچ هەستێکم بۆ باوکم نەبوو. لەڕاستیدا پێم خۆشبوو مرد بەڵام هەرچەند دایکم و خوشکەکانم دەبینی، خۆم وا نیشان دەدا کە خەفەتبارم.

پێنج ساڵ لەمەوبەر ڕۆزا لە کوڕێک مارە کراوە. چەند مانگێک پێش گواستنەوەی، دەزگیرانەی ڕۆزا ویستوویەتی ڕازی بکات پەیوەندی سێکسی دروست بکەن. ڕۆزا نهێنییەکەی خۆی بۆ دەزگیرانەکەی باس کردووە بەڵام ئەو لەبری هەر شتێک بە لەدەستدانی پاکیزەیی خۆی تۆمەتباری کردووە. لەوەوە دەزگیرانەکەی توندوتیژ بووە لەگەڵی و نهێنییەکەی لای هەموو کەس و کاری خۆی درکاندووە. هەر یەکێک لە کەس و کاری دەزگیرانەکەی لە ڕۆزای دەدا و سووکایەتی پێدەکرد. ڕێگە بە ڕۆزا نەدەدرا سەفەر بکات و کەس ببینێت، هەروەها دەبوو هەموو داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات. سەرەڕای ئەو زیانەی بە ڕۆزا گەیشتبوو، سووکایەتیی پێکردنیشی هاتە سەر و کەسانی تر لە بنەماڵەی دەزگیرانەکەی داوای سێکسیان لێدەکرد. ڕۆزاش هیچی لەدەست نەدەهات ئەوە نەبێت کە ڕازی ببێت. هەندێک جار لە بەرامبەردا دیاری یان پارەی پێدەدرا. دوای سێ ساڵ، براکەی ڕۆزا بەم ڕووداوانەی زانی و ویستی ڕۆزا بکوژێت. ڕۆزا لە ماڵ ڕایکرد و لە ماڵی خاڵێکی مایەوە. دوای ئەوەی داکیان مرد، براکەی ڕۆزا لە ڕۆزا خۆش بوو و داوای لێکرد بێت لەگەڵ خۆی و خێزانەکەیدا بژی. ئێستا ڕۆزا لەوێ دەیەوێت بە پێی پێویست هاوکاری هەمووان بکات بەڵام بەردەوام زۆر بەتوندی ڕێگریی لە ئازادییە کەسییەکانی دەكرێت. چاودێریی هەموو هاتن و چوونێکی دەکەن و ناهێڵن لە دەرەوەی خێزانەکە هیچ پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی هەبێت. زۆربەی ئەندامانی خێزانەکە خۆیان لە ڕۆزا بەدوور گرتووە و پێی دەڵێن "تۆ یەکێک نیت لە ئێمە. ئێمە ئیدی تۆ لەبیر دەکەین. "
ڕۆزا بۆ ئەوە هات بۆ دەزگای ژیان چونکە کۆمەڵێک کێشەی زۆری هەبوو، هەر وەک بینینی خەوی ناخۆش و ترسناک، کێشەی بیرچوونەوە، کەم خەویی، هەستی بێهیوا بوون، خەمباریی و گریانی لەپڕ، کە لە دەرەوەی ئیرادەی خۆی بوو. لە سەروو ئەوانەشەوە ڕۆزا سەر ئێشەی بەردەوامی لەگەڵدا بوو لەگەڵ هەستکردن بە ئازار لە جەستەیدا بە گشتی. لە یەکەم دانییشتندا ڕۆزا باسی ئەوەی کرد کە لە هەموو پیاوان و لە کەس و کاری خۆی دەترسا. هەروەها هەندێک جار بیرۆکەی خۆکوشتنی بۆ دەهات و بەردەوام دەیگوت "زۆر بێزارم لەم ژیانە. "

چارەسەرکارە دەروونییەکەمان هەندێک ڕێگەی فێری ڕۆزا کرد تا لەو هەستی خەمبارییەی ناخی کەم بکاتەوە و دووبارە جڵەوی ژیانی بگرێتەوە دەست. بۆ ئەوەی زیاتر هەست بە پارێزراوی بکات، ئامۆژکاری ڕۆزا کرا کە ژمارەی مۆبایلەکەی بگۆڕێت. دوای گۆڕینی ژمارەکەی ڕۆزا گوتی کە ئازار و دڵەڕاوکێکەی کەم بووەتەوە. ئێستا ڕۆزا باشتر کۆنتڕۆڵی هەستەکانی خۆی دەکات، بە تایبەت گریانەکەی. لەم ماوەیەدا یەکێک لە خوشکەکانی و براکەیمان لە پرۆسەی چارەسەرکردنەکەدا بەشداریی پێکرد، کە ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ زیاتر لێک نزیککردنەوەی ئەندامانی خێزانەکە.