هەموو ڕۆژێک کاتژمێر ١٠ ئەشکەنجەی دەدام

سیروان لە سلێمانیەوە

ئەمە چیرۆکی سیروانە. سیروان پیاوێکی تەمەن ٤٥ ساڵەی دانیشتووی شاری سلێمانییه و ڕزگاربوویەکی ئەشکەنجەیە.

سیروان باوکی دوو منداڵە و ئێستا دوای ئەوەی لە هاوسەرەکەی –کە زۆر لەخۆی منداڵترە- جیابووەتەوە، خۆی منداڵەکان بەخێو دەکات. هاوسەرەکەی سیروان بۆ چەندین ساڵ ناپاکیی له سیروان کردووە و منداڵەکانیانی پشتگوێ خستووە. ئێستا سیروان و دوو کوڕەکەی لەگەڵ دایکی سیروان دەژین.

سیروان لە خێزانێکی دەوڵەمەنددا لەدایک بووە و چوار براو چوار خوشکی هەبووە. یەکێک لە براکانی ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ ٩٠٠ کەسی دیکەدا ڕفێندراوە و دیار نەماوە. برایەکی دیکەشی ١٩٨٠ لەسێدارە دراوە. ڕۆژێکیان لە ڕێی ماڵەوە سیروان لە خاڵێکی پشکنین ڕاوەستێنراوە و داوای ناسنامەکەی لێکراوە. بێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی بدەنێ، پۆلیس سیروانیان دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ دەزگای هەواڵگری نهێنی عێراقی لە سلێمانی و لەوێ بۆ ماوەی پازدە ڕۆژ لە زیندانی تاکەکەسیدا ماوەتەوە و ئەشکەنجە دراوە.

هەرچەندە چاوی سیروان بەستراوەتەوە، بەڵام زانیویەتی کەی دووبارە دێن و ئەشکەنجەی دەدەن. سیروان دەڵێت "دەمزانی هەموو ڕۆژێک کاتژمێر ١٠ دووبارە کاتی ئەشکەنجەیە، چونکە گوێم لە گۆرانی سەرەتای ئەڵقەیەک دەبوو کە پێش ئەوەی بگیرێم سەیرم دەکرد. "

لە کاتی لێپرسینەوەدا، ژوورەکە وەک بەفرگر سارد بووە و هەر کاتێک سیروان قۆڵی لە ئەژنۆکانی ئاڵاندووە تا گەرمی بببێتەوە، یەکێک کارەبای داوە لە ملی. چەندین جار هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی لە سیروان کراوە و بە درۆوە وایان لێکردووە وا بزانێت لەسێدارەی دەدەن "ناچاریان کردم ڕوو بکەمە دیوارێک و پێیان گوتم ئەمە دوا دەرفەتمە دان بە تاوانەکەمدا بنێم. ئەو شەوە زیاد لە جارانی تر لێدانم خوارد و بۆ بەیانییەکەی بێ ئەوەی چاوەڕوانی شتی وام کردبێت، ئازاد کرام. "

دوای هەموو ئەم شتانەی بەسەر سیرواندا هاتبوو، باری ناجێگیر بووبوو و لەم ئیشەوە دەچووە سەر ئەو ئیش. کاتێک پەیوەندییەکەی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا کۆتایی پێهاتبوو، دۆخی سیروان خراپتر بوو و داوای یارمەتی لە دەزگای ژیان کرد. سیروان سووربوونەوەکانی سەر شان و ملی نیشان داین و گوتی کە بەردەوام گوێی چەپی دەزرینگایەوە. شانی ڕاستیشی ئاوسابوو. تیمە پزیشکییەکەی دەزگاکەمان توانی کێشە تەندروستییەکانی بۆ چارەسەر بکات، بەڵام کێشە دەروونییەکانی قورستر بوون. سیروان کێشەی بێخەویی هەبوو، لە سەربازی سمێڵدار و ئەو کەسانە دەترسا کە جلوبەرگی سەربازییان لەبەردا بوو، هەروەها خۆی لە قەرەباڵغی بەدوور دەگرت. سیروان متمانەی بە خۆی و کەسانی تر نەمابوو و زۆر بە کەم سەیری خۆی دەکرد. ئەم نیشانانە لەژێر کاریگەری ئەلکهولدا خراپتر دەبوون و دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.

ستافەکەمان نەخۆشیی خەمۆکیی و شۆکی دوای کارەساتیان لە سیرواندا دەستنیشان کرد. لەو دانیشتنە بەردەوامانەی بۆ چارەسەری دەروونی سیروان دەبەستران، ئامۆژگاری سیروانمان کرد کە چەند ڕێگەیەک بۆ خەولێکەوتن بەکار بهێنێت و لەگەڵ فێری چەند تەکنیکێکی هەناسەدانمان کرد، هەروەها هانمان دا کە دووبارە پەیوەندی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا دروست بکات. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر، بۆمان دەرکەوت کە نەخۆشەکەمان لە وێنە کێشاندا زۆر بەهرەمەندە و کەلوپەلی وێنەکێشانمان پێدا و وێنەکانیمان لە دەزگای ژیان نمایش کرد. لەو کاتەوە بۆمان سەلمێندراوە کە کاری داهێنەرانە زۆر کاریگەریی هەیە لەسەر پرۆسەی چاکبوونەوەی سیروان.