ڕزگاربووانى ئەشکەنجە و توندوتیژى

Program for Survivors of Torture

پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ لە عێراقدا

لەماوەى ٤٠ ساڵى ڕابردوودا، منداڵان و لاوانى عێراق بەئازادى لەدایک نەبوون، بەڵکو هەر لەگەڵ لەدایکبوونیاندا هاتونەتەناو ئازار و تۆقاندن و سنوورى ڕژێمێکى دیکتاتۆرییەوە. دایک و باوکى زۆربەى منداڵانى ئەو چوار دەیەیە مافى ژیان و ئازادى و سەلامەتییان پێ ڕەوا نەبینراوە و هەر زوو بوونەتە قوربانى ڕووداوى جۆراوجۆر، ژمارەیەکى ئێجگار زۆرى ژنان و پیاوانیش ڕووبەڕووى مامەڵەى نامرۆڤانە بوونەتەوە و ئەشکەنجە دراون.

بڵاوترین پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ، کە سەردانکەرەکانمان ئەزموونیان کردوون، ئەمانەن:
  • ئەشکەنجەى جەستەیى توند یان ئەشکەنجەى دەروونیى ماوەدرێژ،
  • زیندانیکردن بۆ ماوەى درێژ لە دۆخێکى زۆر نالەبار و شکۆشکێندا،
  • هێرشکردنەسەر بە چەکى کیمیایى و جینۆسایدکردن،
  • گواستنەوەى زۆرەملى و دەرکردن،
  • جەنگ و ڕووبەڕوونەوەى سەربازی،
  • کردەوەى تیرۆریستى، ڕفاندن، کوشتنى بەمەبەست،
  • چەوساندنەوە و لەناوبردن لەسەر بنەماى نەژاد، ئاین، بیروباوەڕى سیاسى،
  • دەستدرێژیى سێکسى بە هەموو جۆرەکانییەوە،
  • توندوتیژیى خێزانی و توندوتیژی لەسەر بنەماى ڕەگەز.

ئێمە هەوڵ دەدەین شکۆ بۆ ڕزگاربووانى ئەو دۆخ و ڕووداوانە بگەڕێنینەوە، ئەویش لەڕێى پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریى پزیشکى و دەروونى و یاسایى بێبەرامبەر.

پێویستییەکانى ڕزگاربووان

ئەوانەى لە ئەشکەنجە و توندوتیژی ڕزگاریان بووە، زۆرکات بەدەست بارى نائاسایى ئاڵۆزى جەستەیى و دەروونیى ئاڵۆزەوە دەناڵێنن. دواجار ئەو بارە نائاساییانەش کاریگەریى جەستەیى و دەروونی کۆمەڵایەتی و ئابوورى تر لەدواى خۆیان بەجێدەهێڵن.
کاریگەریى ماوەدرێژی ئەو توندوتیژییانەى لەسەر دەستى مرۆڤ دەکرێن هەر تەنیا لەسەر تاک ڕەنگ نادەنەوە، بەڵکو پێکهاتەى خێزانەکانیش تێکدەدات، کاریگەرى لەسەر تەواوى کۆمەڵگا دروست دەکات،  نەوەى داهاتوو لاواز دەکات و دەکرێت بشبێتە هۆى توندوتیژیى زیاتر لاى نەوەکانى دواتر.
ڕزگاربووانى ئەشکەنجە و توندوتیژی پێویستییان بە کۆمەڵێک خزمەتگوزاریى هەمەجۆر هەیە، وەک خزمەتگوزاریى پزیشکى، پشکنین و خزمەتگوزاریى دەروونى و چارەسەرکردنى سروشتى، ڕاوێژى کۆمەڵایەتى و یاسایى و کلتووری، هەروەها چارەسەر و ڕاوێژ و ئامۆژگاریى تایبەت لەسەر بنەماى ڕەگەز و تەمەن.
 

خزمەتگوزارییەکانمان

هەموو ساڵێک، دەزگاى ژیان بۆ مافەکانى مرۆڤ، چارەسەرى نزیکەى بیست هەزار ڕزگاربووى ئەشکەنجە و قوربانییانى توندوتیژى دەکات. نزیکەى نیوەى ئەو کەسانەى سەردانى دەزگاکە دەکەن و داواى یارمەتى دەکەن لە ڕەگەزى مێن و کەسانى پێگەیشتوون، سێیەکى ئەو ژمارەیەش منداڵ و هەرزەکارانن. زۆربەى ئەوانەى ڕوو لە دەزگاکە دەکەن لە نەژادى کوردن، دواى ئەویش عەرەب و تورکمان و ئاشوورى.

لەسەر ئاستى جەستەیى، یارمەتى قوربانییانى ئەشکەنجە دەدەین و کارئاسانییان بۆ دەکەین تا ببنەوە بە خاوەنى ئەو ژیانە تەندروستەى ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى WHO کردوویەتى بە مافى هەموو کەسێک. تیمە پزیشکییەکەمان خزمەتگوزاریى ڕاهێنانەوەى بێبەرامبەر پێشکەش بە قوربانییان دەکات. خزمەتگوزارییەکان ئەمانە لەخۆ دەگرن: پشکنین و هەڵسەنگاندنى بارى تەندروستى سەردانکەرانمان، دابینکردنى دەرمان و پێداویستیى پزیشکى، خزمەتگوزارییەکانى پزیشکیى گشتى، خزمەتگوزارییەکانى پزیشکیى منداڵان، خزمەتگوزارییەکانى چارەسەرى سروشتى و نەشتەرگەری، کە هەموو ئەمانە بەهەماهەنگى لەگەڵ نەخۆشخانە ناوخۆییەکان دەکرێن.

لەسەر ئاستى دەروونییش، مەبەستمانە لایەنى دەروونى ڕزگاربووان بەهێز بکەینەوە و وایان لێبکەین بتوانن بەسەر ئەو دۆخە قورسە دەروونییەدا زاڵ ببن کە تێى کەوتوون، هەروەها ژیانیان ڕێکبخەنەوە و پلان بۆ داهاتوویان دابنێن و گۆڕانکاریى ئەرێنى بخوڵقێنن. ئێمە تیمى چارەسەرى سروشتیمان هەیە و پشکنینى پێویست بۆ نەخۆشەکان دەکات، ڕێنمایی تاک و خێزان و گرووپەکان دەکات، چارەسەرى تایبەت پێشکەش بە منداڵان دەکات و ئامۆژگاریى دەروونییشیان پێ دەدات.

لەسەر ئاستى کۆمەڵایەتییش، یارمەتی قوربانییان دەدەین دووبارە بێنەوە ناو کۆمەڵگا و ڕۆڵێکى چالاک و مانادارى تیادا ببینن. ئەو تیمەى بۆ بەخشینى ئامۆژگاریى کۆمەڵایەتی دروستمان کردووە ئامۆژگاریى پێویست دەربارەى لایەنى یاسایى، ژیان و خۆشگوزەرانى، بەدەستهێنانى پەروەردە و خوێندن و ئەو ئەو خزمەتگوزارییانەى تر دەبەخشێتە قوربانییان کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومیەکانى ترەوە پێشکەش دەکرێن.

لەسەر ئاستى سیاسى و ئەخلاقییش، دەمانەوێت لەڕێگا و یاسا و پەروردە و بەرزکردنەوەى ڕاددەى هۆشیارییەوە قوربانييانى ئەشکەنجە بپارێزین. تیمەکەمان چاوپێکەوتن بۆ میدیاکان دەکەن و ڕاپۆرتیان لەسەر کارەکانمان بۆ دەنێرن، هەندێک چالاکیى جۆراوجۆر ڕێکدەخەن کە مەبەست لێیان گەیاندنى زانیارییە بە خەڵک بەگشتى، بە قوربانییان و ڕێکخراوە ناحکومییەکانیش، هەروەها سیمینارى گشتى بۆ کارمەندانى بوارى تەندروستى و مامۆستایان و پارێزەران سازدەکەن.

زانیاریى زیاتر

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر کارى ئێمە و ڕێگاکانى هاوکاریکردنمان، تکایە پەیوەندیمان پێوە بکە.

ڕزگاربووانی ئەشکەنجە

سیروان لە سلێمانیەوە

هەموو ڕۆژێک کاتژمێر ١٠ ئەشکەنجەی دەدام

ئەمە چیرۆکی سیروانە. سیروان پیاوێکی تەمەن ٤٥ ساڵەی دانیشتووی شاری سلێمانییه و ڕزگاربوویەکی ئەشکەنجەیە. سیروان باوکی دوو منداڵە و ئێستا دوای ئەوەی لە هاوسەرەکەی –کە زۆر لەخۆی منداڵترە- جیابووەتەوە، خۆی منداڵەکان بەخێو دەکات. هاوسەرەکەی سیروان بۆ چەندین ساڵ ناپاکیی له سیروان...

درێژە ...
یەکێتیی ئەوروپا وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای فیدراڵ