پرۆگرامەکانمان بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوارە و پەنابەران

Program for Refugees

ئاوارەکانى سووریا

هەر لەسەرەتاى درووستبوونى گرژییەکانەوە لە وڵاتى سووریا لە ساڵى ٢٠١١ دا، نزیکەى ٤ ملیۆن هاووڵاتى سووری ناچابوون ماڵ و حاڵى خۆیان بەجێبهێڵن و ڕووبکەنە وڵاتانى دراوسێ. زیاتر لە دووسەد و چل هەزار لەو ئاوارانە ڕوویان لە شارى دهۆک لە هەرێمى کوردستانى عێراق کردووە و لە (کامپى دۆمێز)دا نیشتەجێ کراون. هەزارانى تر لە کامپى بچووکترى ناو هەرێمەکەدا نیشتەجێبوون یان پەنایان بردووەتە بەر خزم و ناسیاوەکانیان.

زۆرێک لە ئاوارەکان ئەزموونى ڕووداوى زۆر قورسى دەروونییان کردووە، وەک لەدەستدانى خزم و کەسوکاریان بەهۆى تەقینەوەوە، کەوتنەناو ناوچەى جەنگەوە، دەستبەسەربوون و ئەشکەنجەدان بەهۆى لایەنگیریى سیاسییەوە. هەموو ئەو ئاوارانە ماڵ و کارەکانیان لەدەستداوە، زۆربەشیان دڵیان لاى خزم و کەسوکاریانە. لە ئەنجامى ئەمانەشدا، تووشى خەمۆکی، نیگەرانیی قووڵ، کێشەى خەوتن، کەوتنەسەرى بیرى خۆکوشتن، توندوتیژبوون و ترسانى زۆر بوون.

بەهاوکاریى ڕێکخراوی مزیۆر، وەزارەتی ئابوری و پەرپێدانی ئەڵمانیای فیدراڵ، کڵێسەی پرۆتستانت لە هاسە و ناساو، دەزگاى ژیان هاوکارى ئەو ئاوارە سوورییانە دەکات کە ڕوویان لە عێراق کردووە و ئەزموونى ڕووداوى دەروونیى قوورسیان کردووە. تیمەکانمان لە دەزگاى ژیان، لە بنکەکانى دهۆک و سلێمانى و کامپەکانى دۆمێز و عەربەت، هاوکاریى بێبەرامبەرى پزیشکى و دەروونى دەگەیەننە ئاوارەکان. تەنیا لە ماوەى ساڵى یەکەمدا، پزیشک و چارەسەرکارەکانمان بە هەوڵدانێکى زۆر توانیویانە لە ڕێى بنکە جیاجیاکانمانەوە هاوکاری حەوت هەزار کەس بکەن.

ئاوارەبوون لە سنوورى وڵاتى خۆتدا

لە ساڵى ٢٠١٤ دا، بەناو دەوڵەتى ئیسلامى، کە وەک دڕەندەترین ڕێکخراوى تیرۆریستى ئەم سەردەمە ناوى دێت، دەستى بەسەر چەند ناوچەیەکى فراوانى عێراقدا گرت. لەنێوان مانگى کانوونى یەکەم و مایسى هەمان ساڵدا، تیرۆریستان هێرشیان کردە سەر پارێزگاى ئەنبار لە ناوەندى عێراق. بەهۆى دەستبەسەرداگرتنى شارى موسڵ لەلایەن دەوڵەتى ئیسلامییەوە، تا کۆتایى ماتگى حوزەیران، زیاتر لە یەک ملیۆن و دووسەد هەزار هاووڵاتى لەناو سنوورى عێراقدا ئاوارەبوون. لەسەرەتاى مانگى ئابى ساڵى ٢٠١٤ دا، تیرۆریستان دەستیان گرت بەسەر شارۆچکەى شەنگالدا و دانیشتوانەکەیان، کە یەزیدى بوون، کردە ئامانج.

لە ئێستادا، نیوەى ئەو سێ ملیۆن عێراقییەى خەریکە ئاوارە دەبن، ڕوودەکەنە بەشەکانى باکوورى وڵاتەکە و زۆربەیان لە قوتابخانە، مزگەوت، بیناى تەواونەکراو، پارک و کامپە قەرەباڵغەکاندا دەژین. ئاوارەکان لە دۆخێکدان کە بنەڕەتیترین هۆکارەکانى ژیانى تێدا نییە، جگە لەوەش زۆر پێویستییان بە هاوکاریى پزیشکی و دەروونییە.

لە سایەى هاوکارییەکانى دەزگاى مزریۆر-ەوە، دەزگاى ژیان توانیویەتى خواردن و پێداویستیى پاککردنەوە  بۆ نزیکەى پێنج هەزار خێزان دابین بکات. نزیکەى یەک تەن لە خواردن و پێداویستیى پزیشکیش لەڕێى فڕۆکەوە گەیەندراوەتە ئەو ئاوارانەى لەسەر چیاى شەنگال گیریان خواردبوو. سەرەڕاى ئەمانەش، لە ئێستادا بنکە و تیمە گەڕۆکەکانمان هاوکاریى پزیشکى و دەروونى پێشکەش بەو ژن و پیاو و منداڵانە دەکەن کە بەهۆى ئەو ڕووداوانەوە ئازاریان چەشتووە. لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵى ٢٠١٥دا، بنکەیەکمان لە خانکێ کردەوە، کە یەکێکە لەو کامپە قەرەباڵغانەى لە نزیک شارى دهۆک بۆ ئاوارەکان دروست کراوە و نزیکەى پەنجا هەزار ئاوارەى یەزیدى تیادا دەژى. ئەم چالاکییە لەلایەن وەزارەتی ئابوری و پەرەپێدانی ئەڵمانیای فیدراڵ و فیدراسیۆنى جیهانیى لوسەری-ەوە پشتگیریى دارایى دەکرێت.

پاراستنى پێکەوەژیان لە عێراقدا

عێراق لانەى چەندین گرووپى ئاینى جیاجیایە، وەک سوننە، شیعە، ئەرمەنی، ئاشوورى، کلدان، مەسیحی، یەزیدی، کاکەیى، شەبەک، مەندائى و بەهائی و جوولەکە.

لەسەرەتاى دروستبوونى بەناو دەوڵەتی ئیسلامییەوە، زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵ و هاووڵاتى پێگەیشتووى عێراقى لەژێر زەبروزەنگى تیرۆر و ستەمدا دەژین. کەمینە ئاینییەکان زیاتر و ئاسانتر لە گرووپەکانى تر دەکرێنە ئامانج. دەیان هەزار هاووڵاتیى مەسیحى، یەزیدى، شیعە، موسوڵمان، شەبەک و هى تریش ناچارکراون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن. دواى کەوتنى موسڵ لە مانگى حوزەیرانى ٢٠١٤ دا، دەوڵەتى ئیسلامیى دەستى بەسەر شارۆچکەى شەنگالدا گرت و زۆرینەى دانیشتوانەکەى کۆمەڵکوژ کرد، سەرەڕاى ئەوەش دەستدرێژیى سێکسى کردە سەر نزیکەى سێ هەزار ژن و کچى خەڵکى شارۆچکەکە و ئەو هاووڵاتیانەشى ئاوارە کرد کە بەزیندوویى ڕزگاریان بووبوو. بەناو دەوڵەتى ئیسلامی تەنیا بەوەوە نەوەستا و لەڕێگەى لەناوبردنى شوێنە پیرۆزەکانى وەک مزگەوت و مەرقەدەکانەوە-کە مێژووى دروستکردنى هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى هەشتى زاینى- هەوڵى زیاترى دا بۆ لەناوبردنى کەمینە ئاینییەکان. ئەم کردنە ئامانجەى کەمینە ئاینییەکان لەلایەن دەوڵەتى ئیسلامییەوە، هەروەها لەناوبردنى شوێنە پیرۆزەکانیان دەچێتە خانەى تاوانى پاکتاوى نەژادییەوە.

دەزگاى ژیان، بەهەماهەنگى لەگەڵ هاوکارە نێودەوڵەتییەکانى، پابەندبوونى خۆى بە ڕێزگرتن و پاراستنى کلتوور و کەلەپوورى  کۆنى عێراق و کوردستان دووپات دەکاتەوە. بۆ بەدیهێنانى ئەو ڕێز و پاراستنەش، ئێمە منداڵان و لاوان پەروەردە دەکەین و هۆشیار دەکەینەوە، هەروەها لەڕێى پرۆگرام و خولى جیاجیاوە دەرفەتى سەفەرکردنیان بۆ دەڕەخسێنین. ئێمە مەبەستمان ئەو فرەییەى لە وڵاتەکەدایە لە تیمەکانمان و لەناو ئەو کەسانەشدا کە ڕوومان تێدەکەن ڕەنگ بداتەوە، لە هەمان کاتیشدا بەرەنگارى توندوتیژی و ڕەهایى لەمامەڵەکردندا ببینەوە.

زانیاریى زیاتر

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر کارى ئێمە و ڕێگاکانى هاوکاریکردنمان، تکایە ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی..

هاوکاری کردنی خێزانە ئاوارەکانی ناو عێراق

ڕێکخراوی مزریۆر وەزارەتی ئابوری و گەشەپێدانی ئەڵمانیای فیدراڵ
فیدراسیۆنی جیهانی لوسەری کڵێسەی پرۆتستانت