دەبێت ڕووبەڕووی ئەم دێوەزمەیە ببمەوە

دەبێت ڕووبەڕووی ئەم دێوەزمەیە ببمەوە

میرۆ ژنە کوردێکی ٣٦ ساڵەیە، کە لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕزگاری بووە. میرۆ لە خێزانێکی میهرەباندا پەروەردە بووە و پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیدا هەبووە. ئەمە چیرۆکی لەدەستدانی خێزانەکەیەتی.

کاتێک عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە، میرۆ تەمەنی نۆزدە ساڵ بوو. لەو کاتەدا بە سەردان چوو بوو بۆلای نەنک و باپیری، نەنکی بۆ خۆ پاراستن لە هێرشەکە ڕای کردبوو بۆ دەرەوەی هەڵەبجە، بەڵام ئەم لەگەڵ باپیری مابووەوە. میرۆ زانیبووی کە کەسوکاری لە مەترسییەکی گەورەدان، بەڵام نەیتوانیبوو بچێت بۆلایان، میرۆ بە چارەسەرکەرەکەمانی گوتبوو، "لەکاتی بۆمببارانکردنەکەدا، من و باپیرم زۆر لەخەمی کەسوکارمان بووین. کە هێرشەکە دەستی پێ کرد، بە هیچ شێوەیەک نەماندەزانی چییان بەسەر هاتووە، ئێمە بەبێ ئەوان بەرەو ئێران هەڵهاتین، گەشتەکەمان خەمناک و هیلاککەر بوو، چەندین لاشەی مردوو و کەسی بریندارمان بینی."
میرۆ و باپیری بێ ئەوەی هیچ هەواڵێکی باوکی و دایکە دووگیانەکەی و شەش خوشک و براکەی بزانن، گەیشتوونەتە کەمپی سەریاس لە ئێران. میرۆ باس لەوە دەکات کە کاتێک لە کەمپی سەریاس بوون لە ئێران و دەڵێت: "بەردەوام بیرم لەوە دەکردەوە چۆن بگەمەوە بە خێزانەکەم. یەک مانگ لەو کەمپە ماینەوە، پاشان بە نهێنی گەڕاینەوە بۆ کوردستان تا بۆ خێزانەکەم بگەڕێین. بە هیچ شێوەیەک نەماندەزانی لە کوێ بۆیان بگەڕێین. لەبیرمە نەنکم لەژێر فشاری دەروونیدا بەردەوام لەهۆش خۆی دەچوو و فرمێسکەکانی باپیریشم وشکیان نەدەکرد."
رۆژێکیان مامی میرۆ پێیان دەڵێت کە بەرنامەی هەیە لە ئێران بۆ کەسوکاری خۆی بگەڕێت، بەڵام دواتر مامی بە هەواڵی ناخۆشەوە گەڕایەوە. لەوێ قسەی لەگەڵ باوکی میرۆدا کردبوو، کە لە دۆخێکی تەندروستی مەترسیداردا بوو بوو، دایکیشی هەر زوو دوای ئەوەی دووانەیەکی بە مردوویی بوو بوو، گیانی لەدەست دابوو. دوای ئەوەی دابان دوو ڕۆژ دواتر سەردانی نەخۆشخانەی کردبووەوە، باوکی میرۆش کۆچی دوایی کردبوو. میرۆ باسی ئەوە دەکات کە دوای بیستنی ئەو هەواڵانە چ هەستێکی هەبووە. دەڵێت، "بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەدوای بیستنی هەواڵی کۆچیی دوایی دایک و باوکم، نەمدەتوانی بیر لە هیچ شتێک بکەمەوە. تووشی شۆک بووبووم. ئەو ماتەمەی نەنک و باپیریشم دەیانگێڕا وای دەکرد خراپتر ببم."
تا ئەم ڕۆژەش، میرۆ نازانێت خوشک و براکانی چییان بەسەر هاتووە. ئەو لەو بڕوایەدایە لە ژیاندا مابن. بەهۆی ئەو هێرشە کیمیاییەی بینیویەتی، میرۆ بەردەوام خەوی ترسناک دەبینێت و بەدەست دڵەڕاوکێ و نەبوونی حەز بۆ خواردن و بیرکەوتنەوەی ڕابردوو و گریان و ڕەفتاری توندوتیژەوە دەناڵێنێت. بە ئەندامی ستافەکەمانی گوتبوو: "کچیکی بچووک و هاوسەرێکی باشم هەیە، کە باش مامەڵەم لەگەڵدا دەکات، پێگەی کۆمەڵایەتییم باشە و باری داراییشم باشە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دڵخۆش نییم. من خێزانەکەم لەدەست دا، تا ئێستاش چاوەڕێی گەڕانەوەی خوشک و براکانمم. زۆر بە ئاسانی هەڵدەچم و هەندێک جار لە ئەنجامدا ئازاری کچەکەم دەدەم. من نامەوێت بەو جۆرە بم، هەر بۆیە هاتووم بۆ سەنتەرەکەی ئێوە، دەبێت ڕووبەڕووی ئەم دێوەزمەیە ببمەوە، پێویستییم بە یارمەتی ئێوەیە."
ستافەکەمان ئەم کێشانەیان لە میرۆدا دۆزییەوە: خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و تەنگەشەی پاش زەبری دەروونی. لەبەر ئەوەی میرۆ نازانێت خوشک و براکانی چییان لێ هاتووە، لای زەحمەتە بۆ لەدەستدانی دایک و باوکی ماتەم بگێڕێت. دوای ئەوەی قسەی لەگەڵ یەکێک لە چارەسەرکەرە دەروونییەکانماندا کرد و تەکنیکەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرگەگرتنی نەهامەتییەکانی پەیڕەو کرد، گەڕانەوەی یادەورییە تاڵەکان لای کەمی کرد و ساتە توندوتیژەکانی کورتخایەنتر بوون. وا چاوەڕوان دەکەین لەگەڵ بەردەوام بوونی لەسەر چارەسەر، نیشانە دەروونییەکانی دیکەشی کەم ببنەوە و ژیانی باشتر ببێت.


گەواهنامە

ڕزگاربووی بۆردومانی کیمیایی

دەبێت ڕووبەڕووی ئەم دێوەزمەیە ببمەوە

دەبێت ڕووبەڕووی ئەم دێوەزمەیە ببمەوە

میرۆ ژنە کوردێکی ٣٦ ساڵەیە، کە لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕزگاری بووە. میرۆ لە خێزانێکی میهرەباندا پەروەردە بووە و پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیدا هەبووە. ئەمە چیرۆکی لەدەستدانی خێزانەکەیەتی. کاتێک عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە، میرۆ تەمەنی...

درێژە ...
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای فیدراڵ