بەرنامەمان بۆ پاڵپشتیکردنی ڕزگاربووانی جینۆساید

Program for Survivors of Genocide

شاڵاوەکانى ئەنفال

لە ماوەى بەڕێوەچوونى شاڵاوەکانى ئەنفالدا لە ساڵانى ١٩٨٠، سوپاى عێراق نزیکەى ٥٠٠٠ گوندى کوردستانى بەپلانێکى داڕێژراو و بە بەرکاهێنانى بۆمبى کیمیایى خاپوور کرد. لە ئەنجامى ئەمەشدا، بە دەیان هەزار لەو هاووڵاتییانەى لە ناوچە گوندنشینەکان دەژیان کوژران، بێسەروشوێن بوون، یان ناچارکران ماڵ و حاڵى خۆیان بەجێ بهێڵن و لە ئۆردوگا زۆرەملێیەکاندا نیشتەجێ ببن.

هەتا ئەمڕۆ، گوندەکان زۆر لە شارەکان هەژارترن و ئاستى بژێویى ژیان تیایاندا نزمە. بەهۆى ئەوەى چەندین ساڵە پشتگوێ خراون، ئێستا گوندەکان هەلى ئابوورى و کار و وەبەرهێنانیان تێدا نییە، بۆیە ناتوانن ژیانێکى خۆش و گونجاو بۆ ئەو کەسانە بڕەخسێنن کە تیایاندا دەژین.

شارى هەڵەبجە، کە دەکەوێتەسەر سنوورى وڵاتى ئێران، لە بەروارى ١٦/٣/١٩٨٨ دا لەلایەن ڕژێمى ئەوکاتەى عێراق-ەوە بە چەکى کیمیایى هێرشى کرایەسەر.  لەماوەى ٢ ڕۆژى هێرشەکەدا، بەلایەنى کەمەوە ٥٠٠٠ کەس مردن و زۆرى تریش ژەهراوى و بریندار بوون. ژمارەى ئەوانەى بە هێرشەکە بریندار بوون بە ١٠٠٠٠ کەس مەزەندە دەکرێت، کە هەندێکیان لەکاتى ڕاکردن و بەجێهێشتنى شارەکەدا بۆ وڵاتى ئێران گیانیان سپارد.

پرۆگرامێک بۆ بەرکەوتوانى چەکى کیمیایى لە شارى هەڵەبجە

لە مانگى ٦ ى ساڵى ٢٠١٠ ەوە، دەزگاى ژیان بۆ مافەکانى مرۆڤ بەهاوکارى وەزارەتى دەرەوەى ئەڵمانیا، بنکەیەکى لە شارى هەڵەبجە دامەزراند بۆ یارمەتیدانى بەرکەوتوانى ئەو هێرشە کیمیاییەى لە ساڵى ١٩٨٨دا کراوەتە سەر شارەکە.

هەتا ئەمڕۆ زۆرێک لەوانەى لە هێرشەکە ڕزگاریان بووە، بەدەست چەندین کێشەى تەندروستى جەستەیى و سایکۆلۆژییەوە دەناڵێنن وەک، نەخۆشییەکانى سى، کوێرى و نەخۆشییەکانى پێست کە پێویستییان بە چارەسەرى بەردەوام هەیە و ئەو چارەسەرانەش لەڕووى ماددییەوە گرانن. سەرەڕاى ئەمانەش، بەرکەوتوان تووشى بارێکى دەروونى ناجێگیر، خەمۆکی، هەست بەتاوانباریکردن، توندوتیژبوون و تەنیایی بوون. لە ئەنجامى ئەمانەشدا، زۆربەیان ناتوانن کار بکەن و ئەگەر خزم و کەسوکاریان هاوکارییان نەکەن، تووشى کێشەى دارایى قورس دەبنەوە.

لەبەرئەوەى زۆربەى بەرکەوتوان تووشى کێشەى تەندروستیى، جەستەیى قورس بوون، بۆیە پرۆژەکەمان جەخت دەخاتەسەر دابینکردنى چارەسەرى پزیشکی پێوست بۆ نەخۆشەکان. لەبەرئەوەى لە دەوروبەرى شارى (هەڵەبجە)ش بەرکەوتووى ترى چەکى کیمایى هەن، بۆیە تیمێکى گەڕۆکمان درووستکردووە کە لە نێوان شارۆچکەکانى (خورماڵ و سیروان و هەڵەبجەى تازە)دا دەسووڕێتەوە.

لە سەرەتاى ئەم پرۆگرامەوە تا ئێستا، ستافەکەمان کارى باشیان کردووە و خەڵکى ئەو ناوچانەش زۆر بەگرنگییەوە سەیرى کارى ستافەکەمانیان کردووە. هەندێک جار ستافەکە زیاتر لەوەى لە توانایاندا بووە، یارمەتى نەخۆش و بەرکەوتوانی داوە.

تیمى گەڕۆک بۆ ناوچە گوندنشینەکان

درووستکردنى تیمى گەڕۆک یەکێکە لە باشترین ئەو ڕێیانەى دەتوانرێت بگیرێتەبەر بۆ یارمەتیدانى ئەو کەسانەى مافەکانیان پێشێلکراون و خۆیان و خێزانەکانیان لە ناوچە گوندنشینەکاندا دەژین. زۆربەى ئەو قوربانییانە هەژارن و تواناى ئەوەیان نییە خزمەتگوزاریى تەندروستى و خوێندن بۆ ئەندامەکانیان دابین بکەن. بەتایبەتى، ئەو ژنانەى مافەکانى خۆیان و منداڵەکانیان پێشێلکراون زۆرکات ناتوانن خۆیان بگەیەننە شارەکان و داواى یارمەتی ڕاهێنانەوە بکەنەوە.

بۆ ئەوەى بتوانین یارمەتى ئەم قوربانییانە بدەین، دەزگاى ژیان چەندین تیمى گەڕۆکى درووستکردووە و خزمەت بە دانیشتوانى شارۆچکەکانى دەوروبەرى کەرکووک، سلێمانى، هەڵەبجە و چەمچەماڵ دەکەن. دانیشتوانى ئەم شارۆچکانە کەمتر لە ٧٥٠٠٠ کەسە. کارمەندانى ستافە گەڕۆکەکان، بە هەماهەنگى لەگەڵ دەزگا تەندوستییەکانى ئەو ناوچانە، خزمەتگوزاری پزیشکیى پێوست دەگەیەننە نەخۆشەکان.

ئەزموونى ئێمە لە کارکردن لە ناوچە گوندنشینەکاندا نیشانى دەدات کە هەبوونى تیمە گەڕۆکەکان زۆر پێوست و گرنگە. هەموو ساڵێک، تیمە گەڕۆکەکانمان یارمەتى نزیکەى ٥٠٠ کەس دەدەن کە زۆربەیان ژن و منداڵن. زۆربەى ئەم نەخۆشانە هەرگیز پێشتر هیچ چارەسەرێکیان بۆ کێشە سایکۆلۆژى و کۆمەڵایەتییەکانیان پێشکەش نەکراوە.

زانیاریى زیاتر

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر کارى ئێمە و ڕێگاکانى هاوکاریکردنمان، تکایە ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی..

گەواهنامە

ڕزگاربووی بۆردومانی کیمیایی

دەبێت ڕووبەڕووی ئەم دێوەزمەیە ببمەوە

دەبێت ڕووبەڕووی ئەم دێوەزمەیە ببمەوە

میرۆ ژنە کوردێکی ٣٦ ساڵەیە، کە لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕزگاری بووە. میرۆ لە خێزانێکی میهرەباندا پەروەردە بووە و پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیدا هەبووە. ئەمە چیرۆکی لەدەستدانی خێزانەکەیەتی. کاتێک عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە، میرۆ تەمەنی...

درێژە ...
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای فیدراڵ