لەناو تەرمەکاندا دۆزییەوە

لەدەستدانی دایک

ئاری کوڕێکی یازدە ساڵانە، لە بەغداد لەدایک بووە و دایکی لە هێرشێکی تیرۆریستیدا گیانی سپاردووە. ئێستا ئاری لەگەڵ نەنک و باپیری لە کەرکوک دەژی.

ڕۆژێک، کاتێک ئاری تەمەنی شەش ساڵان بووە، دایکی و نەنکی چوون بۆ بازاڕ لە بەغداد. یەک کاتژمێر دوای ئەوە ئاری گوێی لە تەقینەوەیەک بووە کە لەو ئاڕاستەیەوە هاتووە کە دایکی و نەنکی پێیدا ڕۆیشتوون. ئاری تەلەفۆنی بۆ باوکی كردووه و ئەویش هەموو بازاڕەکە بۆ هاوسەرەکەی گەڕاوە. ئاری دەڵێت "کاتێک باوکم دایکمی نەدۆزییەوە، چوو بۆ نەخۆشخانە تا بزانێت لەناو بریندارەکاندا نییە، بەڵام لەناو مردووەکاندا دۆزییەوە. "

کە ئاری بە مردنی دایکی زانی، تووشی شۆک بوو. نەیتوانیبوو لەوە تێبگات کە ڕووی دابوو، چونکە هەمووی چەند کاتژمێرێک پێش ئەوە دایکی ماچی کردبوو. سێ ساڵ دوای ئەوەش ئاری نەیتوانیبوو مەرگی دایکی قبووڵ بکات چونکە "هیچ نەخۆشییەکی نەبوو بوو".

لەبەر ئەوەی خێزانەکەی ئاری کوردن و ئاسایشی بەغداد خێرا خراپ و خراپتر دەبوو، بەردەوام هەموو لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژیان. کاتێک باوکی ئاری هەڕەشەی کوشتنی لێکرا، بڕیاریدا واز لە پیشەکەی بهێنێت و بچن بۆ کەرکوک. لەوێ ماڵێکی بچووکیان گرت، ئەم هەنگاوەش لەسەر ئاری زۆر قورس بوو. ئاری لە جاران زیاتر دەگریا و هەمیشە خەمباری دایکی و ماڵە کۆنەکەیان و هاوڕێکانی بوو. باوکی ئاری ژنی نەهێنابووەوە بۆ ئەوەی کاریگەری خراپی لەسەر دۆخی دەروونی ئاری نەبێت.

نەنکی ئاری، ئاری بۆ یەکەم دانیشتنی لە دەزگای ژیان هێنا و پێی گوتین کە ئاری هەندێک کێشەی ڕەفتارییشی هەبوو، بۆ نموونە زۆر دەیزریکاند و بە پەشۆکاویی دەدوا. چارەسەرکارە دەروونییەکانمان تێبینی ئەوەیان کردبوو کە ئاری زۆر خەمبار بووبوو و هیچ حەزی نەکردبوو لەوێ بێت.

کێشەکانی ئاری وەک پەشێوی سۆزداری و ڕەوشتی دەستنیشان کرابوون. وردەوردە ئاری لەگەڵ شوێنەکەدا ڕاهاتبوو و خێراش حەزی بە ژووری منداڵانەکەمان کردبوو. چارەسەرکارە دەروونییەکەی تایبەت بە منداڵان یارمەتی ئاری دابوو لە ڕێی وێنە کێشان و یاری تایبەت بە چارەسەرەوە خەم و خەفەتەکەی دەربڕێت. بەردەوام مانگی دوو جار ئاری چارەسەرکارە دەروونییەکەمانی دەبینی تا چاودێریی پێشکەوتنەکەی بکات.

دوای چوار مانگ دۆخی ئاری باش بوو و ئامادە بوو بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە. ئاری حەز بەوە دەکات لەگەڵ منداڵانی تردا یاری بکات، بەتایبەت لە ژووری چارەسەر بە گرووپدا.