هیچ كه‌سێك له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌سه‌ر؟

هیچ كه‌سێك له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌سه‌ر؟

دۆخی ئه‌و ژن و كچانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) ڕزگاریان بووه‌، له‌ دۆخی هه‌موو ئه‌ندامانی تری ناو كۆمه‌ڵگه‌ هه‌ستیارترن. له‌كاتێكدا گرنگه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ باسی چاره‌نووس و ئه‌و ڕووداوانه‌ بكه‌ن كه‌ به‌سه‌ریان هاتوون-كه‌ زۆرجار تاكه‌ هه‌واڵن كه‌ سه‌رنجی بینه‌ر و بیسه‌رێكی زۆر بۆلای خۆیان ڕاده‌كێشن- به‌ڵام پێویسته‌ پاراستنی به‌های مرۆیی و شكۆ و بابه‌ته‌ كه‌سییه‌كانیان له‌پێش هه‌ر شتێكی تره‌وه‌ دابندرێت.

ڕۆژنامه‌نووسه‌كان له‌سه‌ریانه‌ ڕێز له‌م ژنانه‌ بگرن و خۆشگوزه‌رانییان بخه‌نه‌ پێش هه‌موو شتێكی تره‌وه‌. له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه‌ "شه‌ره‌ف" یه‌كێك له‌ گرنگترین پێوه‌ره‌كانه‌، ده‌كرێت ئاشكراكردنی پێناسی كه‌سێك دواتر ببێته‌ هۆی تێكشكاندنی ئاینده‌ی ئه‌و كه‌سه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر قوربانییه‌كه‌ش پێی وا بێت دوای ڕووداوه‌كه‌ تازه‌ ئاشكراكردنی ناوه‌كه‌شی شتێكی ئاساییه‌، هێشتا ده‌بێت ڕۆژنامه‌نووسان دووربینانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ن و ناو و ناسنامه‌كان بپارێزن.

ڕاسته‌ ده‌كرێت قسه‌كردن سوودی خۆی هه‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت به‌پێی ڕێنمایی پرۆفێشنه‌ڵانه‌ بكرێت و ته‌واو بگونجێت له‌گه‌ڵ كه‌سه‌كه‌ و ئه‌و حاڵه‌ته‌ قورسه‌ی به‌سه‌ری هاتووه‌، هه‌روه‌ها پێویسته‌ قسه‌كردنه‌كه‌ دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر چه‌ند یه‌كتربینینێكدا و له‌و یه‌كتربینینانه‌دا قسه‌ له‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌زموونه‌ ده‌روونییه‌كانی كه‌سی مه‌به‌ست بكرێت. به‌م شێوه‌یه‌، كه‌سی ڕزگاربوو له‌ زه‌برێكی ده‌روونیی قورس ده‌توانێت فێری ئه‌وه‌ ببێت چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌ ده‌روونییه‌كه‌یدا بكات، هه‌روه‌ها چۆنیش بیر له‌ داهاتووی ژیانی بكاته‌وه‌ و گه‌شه‌ی پێ بدات. نابێت ڕۆژنامه‌نووسان وا خۆیان نیشان بده‌ن كه‌ به‌و چاوپێكه‌وتنه‌ كارێكی گه‌وره‌ بۆ ڕزگاربووان ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ده‌بێت سه‌ره‌تا پرس و ڕاوێژ به‌ كه‌سانی شاره‌زای ئه‌و بوارانه‌ بكه‌ن، ئینجا ئه‌و چاوپێكه‌وتنانه‌ ئه‌نجام بده‌ن. ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ن، ڕه‌نگه‌ ئیشه‌كه‌یان زیانی زیاتر بێت له‌ سوود.

پارێزه‌ر شێریزان مینوالا، له‌ وتارێكیدا به‌ناوی "كه‌س لێره‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌سه‌ر؟"- كه‌ له‌ (ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی بیست) بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ده‌پرسێت، "بۆچی قوربانییانی وڵاتی تر پشتگوێ بخرێن، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌واندا هاتووه‌، ڕێگا نادرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ئه‌مه‌ریكادا ڕوو بدات. "