برینەکان ساڕێژ نەبوون

برینەکان ساڕێژ نەبوون

لە ١٦ی ئازاری ٢٠١٥، تیمەکەمان لە هەڵەبجەی شەهید یادی ٢٧ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەی بەرز ڕاگرت.

بۆ گرنگیدان بە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەو کارەساتە، بنکەکەمان لە هەڵەبجە بەفەرمی بەشێکی بۆ منداڵان کردەوە و بانگێشتی منداڵەکانی ئەو ڕزگاربووانە کران کە لە بنکەکەی ئێمە چارەسەر دەکران.

وەک ڕێگەیەک بۆ بەستنەوەی ڕابردوو بە ئێستاوە، داوا لە منداڵانی ئەو پێشمەرگانە کرا کە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا شەهید بوو بوون، بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا بکەن. زیاتر لە ٨٠ منداڵ و خێزانەکانیان بەشدارییان لە بۆنەكەدا کرد. چالاکییەکانی بۆنەکە بەرنامەیەکی فێرکاری کورتی لەخۆی گرتبوو، دوای ئەوەش کارەکانی دەزگاکەمان بە ئامادەبووان ناسێنرا.

بە بۆنەی ئەو یادەوە، دەزگای ژیان داوا لە حکومەتی عێراقی دەکات پێداویستییە تەندروستی و دەروونییە گرنگەکان بۆ زیانلێکەوتووانی ئەو کارەساتە دابین بکات، هەروەها دابینکردنی یارمەتیی دارایی و چارەسەر، کە بە مافی خۆیان دانەنرێن.

لە ناو جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش و ئەم قەیرانی پەنابەر و ئاوارانەی ئێستا عێراق پیایاندا تێدەپەڕێت، برینە کۆنەکانی خەڵکی هەڵەبجە بە کراوەیی ماونەتەوە. کاتێک ڕژێمی بەعسی سەدام ساڵی ١٩٨٨ هەڵەبجەی بە چەکی کیمیایی بۆمبباران کرد، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی کوژران و گەلێکی تر بۆ هەتا هەتایە زیانیان پێگەیشت. لەگەڵ ئەوەی ئەم هێرشە بەفەرمی بە تاوانی جینۆساید ناسێنراوە، ڕزگاربووەکان قەرەبووی پێویست نەکراونەتەوە، هەروەها بە پێی پێویست چارەسەری پزیشکی و دەروونیان بۆ دابین نەکراوە.

سەڵاح ئەحمەد، دامەزرێنەر و بەڕێوبەری دەزگای ژیان دەڵێت، "ئەوانەی گازە ژەهراوییەکانیان بەرکەوتووە، هێشتا بەدەست کێشەی پێست و هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە و هەبوونی گرێ و ئازاری درێژخایەنەوە دەناڵێنن. بێگومان ئەو کەسانە پێویستییان بە چارەسەری پزیشکی هەیە، بەڵام نابێت هەرگیز بەکەمی سەیری کێشە دەروونییەکانیان بکەین. ئەم کەسانە چەندین دیمەنی دڵتەزێنی مردنیان دیوە و ئەندامانی خێزان و هاوڕێیان لەدەست داوە. مافی ئەوەیان هەیە بە فەرمی ئازارەکانیان بناسرێنرێن"

زانیاری زیاتر

بۆ زانینی زیاتر لەسەر بەرنامەکەمان بۆ یارمەتیدانی ڕزگاربووانی هێرشی کیمیایی، گرتە لێرە بکە. بۆزانیاری زیاتر لەسەر کارەکانی دەزگاکەمان و چۆنیەتی یارمەتیدانمان بزانیت، تکایە ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.