١٠ ساڵ كاركردن له‌ چاره‌سه‌ركردنی حاڵه‌تی زه‌بره‌ ده‌روونییه‌كاندا له‌ عێراق

١٠ ساڵ كاركردن له‌ چاره‌سه‌ركردنی حاڵه‌تی زه‌بره‌ ده‌روونییه‌كاندا له‌ عێراق

له‌ ٢٥ ی مایسدا و له‌ سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیی زانكۆی سه‌لاحه‌دین له‌ شاری هه‌ولێر، ده‌زگای ژیان یادی تێپه‌ڕینی ١٠ ساڵ كاركردنی له‌ بواری چاره‌سه‌ركردنی حاڵه‌ته‌كانی زه‌بری ده‌روونی و كاركردن له‌ بواره‌كانی مافی مرۆڤدا له‌ عێراق كرده‌وه‌.

سه‌ره‌تا سه‌ڵاح ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ژیان، پێشوازی له‌ ٢٠٠ كه‌س له‌ میوانان و كارمه‌ندانی ده‌زگاكه‌ كرد و دواتریش فیلمێكی دۆكۆمێنته‌ری ده‌رباره‌ی كاره‌كانی ده‌زگاكه‌ نمایش كرا.

به‌ڕێز هۆلگێر تیلمان، قونسوڵی ئه‌ڵمانیا بۆ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی و مرۆییه‌كان، وته‌یه‌كی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد و دواتریش یوسف عبدالرحمن ساڵح، كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ی یه‌كێك له‌ لقه‌كانی ده‌زگاكه‌یه‌، كورته‌یه‌كی له‌سه‌ر كاری ڕێكخراوه‌كه‌ باس كرد.

دواتر، دوو له‌ نه‌خۆشه‌كانمان، كه‌ یه‌كێكیان به‌ركه‌وتووی چه‌كی كیمیایی بووه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌وه‌ی تریشیان هاووڵاتییه‌كی یه‌زیدی بوو، باسی ئه‌زموونه‌كانی خۆیان بۆ ئاماده‌بووان كرد و یارمه‌تییان دان باشتر له‌ گرنگی ئه‌و یارمه‌تییه‌ ده‌روونییانه‌ تێ بگه‌ن كه‌ دوای زه‌بری ده‌روونی پێشكه‌ش به‌ قوربانییه‌ك ده‌كرێن

له‌ به‌رده‌می ئه‌و هۆڵه‌شدا كه‌ یاده‌كه‌ی تێدا كرایه‌وه‌، ده‌زگاكه‌مان پێشانگایه‌كی كردبووه‌وه‌ بۆ نمایشكردنی وێنه‌كانی ئه‌و چالاكییه‌ی له‌ژێر ناونیشانی "ڕەنگ كردنی خه‌ونه‌كان" له‌ كه‌مپی عه‌ربه‌ت ئه‌نجاممان دابوو. له‌ پێشانگاكه‌دا هه‌ندێك له‌ پۆسته‌رانه‌شمان نمایش كرد كه‌ له‌ماوه‌ی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بۆ كه‌مپین و چالاكییه‌ جۆراوجۆره‌كانمان دروستمان كردبوون.

دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ژیان، سه‌ڵاح ئه‌حمه‌د گوتی، "له‌كاتێكدا كه‌ سه‌یری ئه‌و ده‌سته‌كه‌وتانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕابردوودا به‌ده‌ستمان هێناون، دوو هه‌ستمان بۆ دروست ده‌بێت؛ له‌لایه‌كه‌وه‌ شانازی ده‌كه‌ین به‌وه‌ی توانیومانه‌ چاره‌سه‌ر پێشکەشی زیاتر له‌ ٢٠٠٠٠ كه‌س له‌و كه‌سانه‌ بكه‌ین كه‌ ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی بوونه‌ته‌وه‌ و گوێمان له‌ هه‌ڵسه‌نگاندی باشی ئه‌وان بێت بۆ كاره‌كانمان و به‌چاوی خۆمان ببینین كه‌ چاره‌سه‌ره‌كانمان چۆن ژیانیانی بۆ باشتر گۆڕیوه‌. به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه‌ دڵگرانین به‌وه‌ی ده‌بینین ژماره‌ی نه‌خۆشه‌كان و ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌ یارمه‌تییه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌. له‌ماوه‌ی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، توندوتیژی له‌ چه‌ندین شێوازی جیاجیادا له‌ عێراقدا ڕووی داوه‌ و چه‌ندین تاك و خێزانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی تێكشكاندووه‌ و به‌گشتیش ئه‌و باره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ئاساییه‌ی تێك داوه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یبووه‌. له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌، ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان عێراق ناتوانن به‌باشی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌ و حاڵه‌ته‌ جیاجیاكانی هاووڵاتییان بكه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌زگایانه‌ هێشتا ته‌واو پێشنه‌كه‌وتوون و ستاف و ئامێری گونجاویشیان نییه‌. "

له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌زگای ژیان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پێشكه‌شكردنی ڕاهێنانی پێویست به‌ چاره‌سه‌ركاره‌ ده‌روونییه‌ ناوخۆییه‌كان و شاره‌زایانی بواری پزیشكیی ده‌روونی و له‌ هه‌مان كاتیشدا هاوكاریی ده‌روونی و پزیشكی پێشكه‌ش به‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ به‌هۆی پێشێلكردنی مافه‌كانییانه‌وه‌ ئازاریان چه‌شتووه‌.

بۆ بینینی وێنه‌ی زیاتری یاده‌كه‌، تکایە کرتە لێره‌ بكه‌.