سەڵاح ئەحمەد بڕوانامەی پێزانین و ڕێزلێنانی پێ دەبەخشرێت

Bundesverdienstkreuz Salah Ahmad

لە ٢٦ ی شوباتی ٢٠١٥دا، سەڵاح ئەحمەد، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڕوانامەیڕێزلێنان و پێزانینی لەلایەن د. گێرد مۆلەر، وەزیری هەماهەنگی ئابووری و گەشەپێدانی وڵاتی ئەڵمانیاوە پێ بەخشرا بۆ ئەو کارە مرۆییە زۆرانەی لە ئەڵمانیا و عێراقدا بە ئەنجامی گەیاندوون.

ئەو بڕوانامەیە داننان و پێزانینە بەو کارە مرۆییانەی سەڵاح ئەحمەد ماوەی چەندین ساڵە پێشکەش بەو کەسانەیان دەکات کە ڕووبەڕووی پێشێلکاریی قورس لە مافەکانیاندا بوونەتەوە، بەتایبەتیش هەوڵەکانی لە بنیاتنانی زنجیرەیەک بنکەی چارەسەرکردندا لە کوردستانی عێراق لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا.

زیاتر لە ٥٠ کەس ئامادەی مەراسیمی پێزانین و ڕێزلێنانەکە بوون لە هۆڵی ماری شێلی لە بینای وەزارەتی هەماهەنگی و ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا لە بەرلینی پایتەختی وڵاتەکە. لەو وتەیەدا کە سەڵاح ئەحمەد لەو مەراسیمەدا پێشکەشی کرد، سوپاسی خێزانەکەی کرد کە هەمیشە لە هەوڵ و کارەکانیدا پشتگیرییان کردووە، هەروەها تیمەکانی بەرلین و کوردستان بۆ هەوڵ و ماندووبوونەکانیان، هەروەها وڵاتی ئەڵمانیا و ئەو ڕێکخراو و دامەزراوانەی کە کۆمەک و بەخشینیان پێشکەش بە دەزگای ژیان کردووە. سەڵاح ئەحمەد سوپاسێکی تایبەتی برا کۆچکردووەکەی کرد کە ١٠ ساڵ لەوەوبەر و هەر لەسەرەتای دامەزراندنی یەکەم بنکەوە کە بنکەی کەرکووک بوو، پاڵپشتێکی گەورەی بووە، هەم بە بیرۆکە و هەم لەلایەنی ماددیشەوە.

بەهۆی ئەو گەشەکردنە گەورەی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینیوە، سەڵاح ئەحمەد جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی زیاتر هەرێمەکە و کۆمەڵگەی مەدەنی بە یارمەتییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەرپەچدانەوەی تیرۆریستەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی و هێشتنەوەی کوردستان وەک نموونەیەکی جوانی خۆشگوزەرانی و کۆمەڵگەی دیموکراتییانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. سەڵاح ئەحمەد گوتیشی، "ئێمە دەبێت ئەو خونچەیە بپارێزرین بۆ ئەوەی گەشە بکات و ببێت بە گوڵێکی گەورە. ئەگەر وا نەکەین، نەک هەر هەرێمەکە، بەڵکو ئەڵمانیا و ئەوروپاش زۆریان لە دەست دەچێت. "

بڕوانامەی پێزانین و ڕێزلێنان لەلایەن سەرۆکی ئەڵمانیای فیدڕاڵەوە دەبەخشرێت بە ئەو کەسانەی خزمەتی گەورەیان بە کۆمەڵگە کردووە و گۆڕانکاییان دروست کردووە.

 

زانیاریی زیاتر

لێرە زیاتر لەسەر ئەو پرۆگرامە بخوێنەرەوە کە دەزگاکەمان بۆ یارمەتییدانی ئاوارەکانی ئامادەی کردووە. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر کاری ئێمە و ڕێگاکانی یارمەتیدانمان، تکایە ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی..