یەکەمین چارەسەرکارانی زەبری دەروونی لە عێراق بڕوانامەیان بەدەست هێنا

یەکەمین چارەسەرکارانی زەبری دەروونی لە عێراق بڕوانامەیان بەدەست هێنا

لە ١٧ ی نیسانی ٢٠١٥دا، دەزگای ژیان و دەزگای وینگز ئەڤ هۆپ ی ئەڵمانی، یەکەم ڕاهێنانی سێ ساڵەییان بە ٢٠ چارەسەرکاری زەبری دەروونی لە عێراق تەواو کرد. ئەم چارەسەرکارانە یەکەم کەسن لەم بووارەدا لە هەرێمێکدا کە توندونیژیی دەمارگیرانە و گەورەترین قەیرانی پەنابەران لە جەنگی جیهانی دووەمەوە تەنگی پێ هەڵچنیوە..

ڕاهێنەر پیت کلێنتزان، کە خەڵکی ئەڵمانیایە، دەڵێت "کاتێک ساڵی ٢٠١٢ دەستمان بەم خولی ڕاهێنانە کرد، کەس گومانی لە سەختی ئەو کارەساتە مرۆییانە نەبوو کە خەریک بوو ئەم وڵاتەیان نزیک دەکردەوە لە داڕمان. ئەوەی کاری تێکردم ئەوە بوو کە دەمبینی چۆن موسوڵمان و مەسیحی و ئێزیدییەکان پێکەوە دەیانخوێند و کاریان دەکرد تا یارمەتی ئەوانی تر بدەن ناخۆشییەکانیان تێپەڕێنن. "

سەڵاح ئەحمەد، بەڕێوەبەری دەزگای ژیان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "ڕاهێنانی شارەزایانی ناوخۆیی لەسەر چارەسەرکردنی زەبری دەروونی بەشێکی گرنگە لە هەوڵەکانمان بۆ پڕکردنەوەی پێویستییە زۆرەکەی کۆمەڵگەکەمان بۆ پشتگیریی دەروونی. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەمە تەنیا هەنگاوێکی بچووکە و پێویستمان بە چارەسەرکاری زیاترە بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی ئەمڕۆ لە عێراق و لە سوریا ئەزموونی زەبری دەروونی دەکەن. "

تەواوکردنی ئەم خولە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی گرتووەتە خۆی، کە هەزارانیان قوربانیانی گروپی تیرۆریستیی داعشن و دووچاری زەبری دەروونی بوونەتەوە. ئەم خولی ڕاهێنانە لەلایەن کڵێسای پرۆتستانتیی لوسەری باڤاریا و وێرتێنبێرگ خەرجیی بۆ دابین کراوە و ڕاهێنەریشی لەلایەن دەزگای وینگز ئەڤ هۆپ ی ئەڵمانیی و سەنتەری چارەسەری دەروونی و زەبری دەروونیەوە بۆ دابین کراوە.