خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ له‌ کوردستاندا

Stop FGM

له‌ عێراق و كوردستانی عێراقدا، خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ بابه‌تێكی ده‌بێت گرنگی ته‌واوی پێ بدرێت. خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ له‌ عێراقدا، بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌سه‌ر ئاستێكی نێوده‌وڵه‌تی پشتگوێ خراوه‌ و وه‌ك "حاڵه‌تێكی تایبه‌ت به‌ ئه‌فه‌ریقیه‌كان" ناوی براوه‌.

ئه‌م بۆچوونه‌ له‌ ساڵی ١٩٩٧ دا گۆڕا، ئه‌ویش كاتێك توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كان ده‌ریان خست كه‌ %٧٠ی ژنان و كچانی شاره‌كانی كه‌ركووك و هه‌ولێر و سلێمانی خه‌ته‌نه‌ كراون. هه‌ر له‌و توێژنه‌وانه‌وه‌ ده‌ر كه‌وت كه‌ ژنان و كچانی ناوچه‌ گوندنشینه‌كان زیاتر له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی خه‌ته‌نه‌كردندان به‌به‌راورد به‌ ژنان و كچانی دانیشتووی شاره‌كان، هۆكاری ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌روه‌رده‌ و خوێندن په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه‌ به‌ خه‌ته‌نه‌كردنه‌وه‌.

ئه‌و خه‌ته‌نه‌كردنه‌ و بڕینه‌ كاریگه‌ری قورس و ترسناكی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژنان و كچان. هه‌ندێك به‌و هۆیه‌وه‌ تووشی خوێنبه‌ربوون ده‌بن و گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، یان تووشی هه‌وكردن و نه‌خۆشی ده‌بن و به‌هۆی ئه‌وه‌یانه‌وه‌ ده‌مرن. ئه‌وانه‌شی كه‌ له‌ ژیان به‌رده‌وام ده‌بن، به‌درێژایی ژیانیان كاریگه‌ریی خراپی پزیشكی و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ڕووداوه‌كه‌یان له‌سه‌ر ده‌مێنێت. خه‌ته‌نه‌كردن پێشێلكردنی چه‌ندین ماف له‌ مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤه‌ وه‌ك مافی ڕێزلێگرتنی جه‌سته‌ و مافی سه‌ربه‌خۆبوونی ڕه‌گه‌زی و سێكسی.

كه‌مپینی نه‌هێشتنی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینە

ئه‌نجامی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی له‌سه‌ر خه‌ته‌نه‌كردن كران هه‌بوونی خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان و كچانی به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رز سه‌لماند و ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی دروستكردنی كه‌مپینی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ ڕابگرن! ژماره‌یه‌ك ڕێكخراوی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی، چالاكه‌وانانی بواری مافی مرۆڤ، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندان و ڕۆژنامه‌نووسان، چه‌ند چالاكییه‌ك بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕاده‌ی هۆشیاریی كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌هێشتنی دیارده‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ ساز ده‌كه‌ن، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌ و كاری مه‌یدانی ده‌به‌نه‌ ئه‌و شوێن و ناوچانه‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌یان تیادا ئه‌نجام ده‌درێت. كه‌مپینه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆی بنیاتنانی هه‌وڵێكی جیددی و كاریگه‌ر دژی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ له‌ كوردستانی عێراقدا. له‌ئێستا، ئه‌و نه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ هه‌ستیاره‌ شكێندراوه‌ و له‌ میدیاكانه‌وه‌ به‌ئاشكرا باسی دیارده‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ ده‌كرێت. دوای قه‌ده‌غه‌كردنی خه‌ته‌نه‌كردنه‌كه‌ش له‌ ساڵی ٢٠١٠دا، ڕێكخراوی وادی (WADI) كه‌ هاوكاری نزیك و كۆنی ده‌زگای ژیانه‌، توانی هه‌ندێك گوند ڕازی بكات به‌وه‌ی كه‌ ئیدی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌كانی گونده‌ ڕابگرن و مامانه‌كانیش وا لێ بكات كه‌ ئیدی ئه‌و كاره‌ نه‌كه‌ن.

ده‌زگای ژیان پشتگیریی ته‌واوی كه‌مپینی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ ڕابگرن ده‌كات، هه‌روه‌ها هاوكاریی پزیشكی و ده‌روونییش پێشكه‌ش به‌ قوربانییانی ئه‌م حاڵه‌ته‌ و خێزانه‌كانیان ده‌كات و تێده‌كۆشێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریی كۆمه‌ڵگه‌ و ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاریگه‌رییه‌ ترسناكانه‌ی ئه‌م نه‌ریته‌ له‌دوای خۆیه‌وه‌ به‌جێیان ده‌هێڵێت.

زانیاریی زیاتر

لێره‌ زیاتر بخوێنه‌ره‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و پرۆگرامه‌ی ده‌زگاكه‌مان بۆ ژنان و كچانی ئاماده‌ كردووه‌. بۆ زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر كاری ئێمه‌ و ڕێگاكانی یارمه‌تیدانمان، تكایه‌ په‌یوه‌ندیمان پێوە بكه‌.