هونەر و دەزگای ژیان

هونەر و دەزگای ژیان

ئێمە وەک دەزگای ژیان، بڕوامان وایە کە هونەر ڕوویەکی زۆر گرنگی ژیانە. لە ڕێی هونەرەوە، دەتوانین چیرۆکەکانی خۆمان بگەیەنینە خەڵکی تر، درک بە هەستە قووڵەکانی خۆمان بکەین و ئەو هەستانەش دەرببڕین کە ناتوانین لەڕێی وشەوە دەریان ببڕین. بەهەمان شێوەی پرۆسەی چارەسەرکردن، پرۆسەی هونەریش، ڕێگەیەکە بۆ دەربڕینی خود و ناسینی خود. پێکەوە بەستنەوەی هونەر و چارەسەر دەتوانێت ڕێ بۆ ئەو کەسانە خۆش بکات کە زەبری دەروونییان بەرکەوتووە تا ئەزموونە قورس و تاڵەکانی خۆیان دەرببڕن و ڕێشیان بۆ خۆش دەکات دڵیان بە ئایندەیان خۆش بێت. هەر بۆیە دەزگای ژیان زۆر بەگرنگییەوە کار دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی هونەر و چالاکییە هونەرییەکان لە هەموو بوارەکانی کاری خۆیدا.

زۆرینەی چارەسەرکەرەکانمان چارەسەری هونەری لەگەڵ نەخۆشەکانیاندا بەکار دەهێنن بەتایبەت بۆ کردنەوەی ئەو باس و بابەتانەی کلتوور باسکردنیانی قەدەغە کردووە. خەمۆکی، نیگەرانی، تەنگەشەی پاش زەبری دەروونی PTSD، دەستدرێژیی سێکسی و خراپ مامەڵە لەگەڵ کردن لە هەرێمی کوردستاندا بە هەڵە لێکدانەوەیان بۆ کراوە و وەک "لەکە" سەیر دەکرێن. بۆ ئەو نەخۆشانەی کە ناتوانن باسی ئەزموونە تاڵەکانی خۆیان بکەن، هونەر دەروازەیەکی تر دەکاتەوە و ئەو نەخۆشانەش لەو دەروازەیەوە دەتوانن هەستەکانی خۆیان دەرببڕن و ڕۆڵیکی گەورە ببینن لە پرۆسەی چارەسەرکردنی خۆیاندا.
بەم شێوەیە، چارەسەرکردن لەڕێی هونەرەوە کاریگەرترە لەسەر ئەو نەخۆشە گەنجانەی کە ناتوانن هەست و ترسەکانی خۆیان بەزارەکی دەرببڕن. وێنەکێشان ئەو هەلەیان بۆ دەڕەخسێنێت کە لەڕێی هێڵ و ڕەنگەکانەوە چیرۆکەکەی خۆیان بگێڕنەوە. بۆ نموونە، کوڕکی لاوی سوری خەمۆکییەکی خۆی دەربڕی لەڕێی کێشانی وێنەی گوڵی ڕەشەوە. کاتێک هاندرا کە ڕەنگی تریش بەکار بهێنێت لە کێشانی وێنەکانی تریدا، وردە وردە گەشایەوە و شانازی بە کارەکانییەوە دەکرد. سەرەڕای ئەمانەش، چارەسەرکردن بە هونەر تا ڕاددەیەک سەردەمی منداڵییش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو منداڵانەی ئەزموونی هەندێک شتیان کردووە کە نابێت منداڵ ئەزموونیان بکات.
دابینکردنی چارەسەرکردن بە هونەر بۆ نەخۆشەکان بەبێ ڕاهێنانکردن لەژێر سەرپەرشتی پسپۆڕی بوارە هونەرییەکاندا بەدەست نایەت. ئێمەوە زۆر سوپاسگوزارین کە چارەسەرکارەکانمان لەلایەن فێتی مێژێر دێگان و ئان ڤان دێنەوە –کە سەر بە ڕێکخراوی هیمان دێگان-ی هۆڵەندین- هەروەها ڕێکخراوی پێنووسی سووری سەنگافورەوە سیمیناریان بۆ کرا و زانیارییان پێ درا. کلیک لەسەر ئەو وێنەیەی خوارەوە بکە بۆ بینینی وێنەکانی کاتی ڕاهێنانەکان.

Art Therapy

لە ساڵی ٢٠١٣ دا، دەزگای ژیان بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆی سلێمان پرۆژەی "ڕەنگکردنی خەونەکان"ی بۆ منداڵ کردەوە کە پرۆژەیەکی هونەری بوو. پرۆژەکە کە لە ڕۆژی جیهانیی منداڵاندا جێبەجێ کرا، هانی سەدان منداڵی ناو کامپی ئاوارەکانی دا تا خەونەکانیان و ئامانجاکانیان و هیواکانی داهاتوویان بکەنە وێنە و نیگار. پرۆژەکە مەبەستی بوو یارمەتیی منداڵان بدات لەڕێی دروستکردنی پردێکەوە لە نێوان ژیانی ڕابردوویان (هاوڕێکانیان و خێزانەکانیان و ژیانی پێش ئاوارەبوونیان) و ژیانی ئێستایان لە دەرەوەی نیشتیمانی خۆیان. بەهۆی سەرکەوتنی پرۆژەکەوە، ئێستا دەزگای ژیان لە سەرانسەری کوردستاندا چالاکیی هونەریی لەو جۆرە ڕێک دەخات.
پرۆژەی "ڕەنگکردنی خەونەکان" لە ساڵی ٢٠١٤ دا بووە پرۆژەیەکی نێودەوڵەتی. بە هاوکاری هونەرمەندی بەناوبانگ عەدنان کەریم و زانکۆی سلێمان، زۆر منداڵی تر بانگهێشت کران تا چیرۆکەکانی خۆیان بگێڕنەوە. دواتر زانکۆی سلێمانی پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی کردەوە بۆ پرۆژەکە. دواتر هەر ئەو فۆتۆیانە برانە لەندەن و بوون بە بەشێک لەو چالاکییەی ناونرابوو "ململانێ و هیوا: هونەر لە سەردەمە سەختەکاندا" کە لە مانگی یانزەی ساڵی ٢٠١٥ دا ڕێکخرا.
ئێمە لە دەزگای ژیان، بڕوامان وایە چیرۆک و ئەزموونەکان دەکرێت و پێویستیشە بە چەندین شێواز بگێڕدرێنەوە. بۆیە بەردەوام داوا لە هونەرمەندە ناوخۆییەکان-کە هەندێکیان پێشتر نەخۆش بوون- تا دیزاینی پۆستەرەکانمان بکەن و لە بڵاوکراوە نێودەوڵەتییەکانماندان هاریکاریمان بکەن. زۆربەی وێنەکانمان ئەو کارانە نیشان دەدەن کە سەردانکەرەکانمان کردوویانن، بۆیە ئەو وێنانە دەتوانن چێرۆکەکان بگەیەننە دونیا.
ئەو وێنەیەی سەرەوە لەلایەن ئێدوین کوو-ەوە گیراوە، کە فۆتۆگرافەرێکی بەتوانای خەڵکی سەنگافورەیە و لەگەڵ ڕاهێنەرانی ڕێکخراوی پێنووسی سوور لە دووەم سەردانی ڕێکخراوەکەدا هات بۆ کوردستان.
ئەگەر پشتگیری لەو کارەکانەمان دەکەیت کە بۆ بەرەوپێشبردنی هونەر و خۆشگوزەرانی دەیانکەین، تکایە بەپێی توانا کۆمەکمان بکە.