عێراق و کوردستان

Iraq and Kurdistan

>کەرکووک: شارێکى فرەنەتەوە

شارى دێرینى کەرکووک نزیکەى یەک ملیۆن کەسى تێدا دەژى و کەوتۆتە دووسەد و پەنجا کیلۆمەتر له باکوورى بەغداد، لەنێوان ڕووبارى دیجلە و چیاکانى زاگرۆس. بەهۆى ئەو مێژووە فرەيیەى شارەکە هەیەتى، کەرکووک خاوەنى پێگەیەکى سیاسیى بەهێزە و لە دەستوورى عێراقدا وەک هۆکارێکى گرنگى ئاشتى و پێکەوەژیان لە عێراقى دواى سەددامدا سەیردەکرێت.

بەدرێژایى ٤٥٠٠ ساڵى ڕابردوو، چەندین دەسەڵاتى جیاجیا لە شارەکەدا حکومیان کردووە، بۆ نموونە حەڕانییەکان لە باکوورى میزۆپۆتانیا، ئاشوورییە کۆنەکان،  یۆنانییە سەلووقییەکان، چەندین دەسەڵاتى فارسى و ئیمپراتۆرییەتى عوسمانییش. لەئێستادا، کورد و تورکمان و عەرەب و ئاشوورى لە کەرکووکدا دەژین. لەکاتێکدا زۆرینەى دانیشتووانەکەى سوننە و شیعەن، بەڵام کەرکووک بووەتە لانەى یەزیدى و کلدان و مەسیحییە سوورییەکانيش.

لەسەردەمى ڕژێمى بەعسدا (١٩٦٠-٢٠٠٣)، شارى کەرکووک و ناوچە گوندنشینەکانى دەوروبەرى چەندین نەهامەتییان بەسەر هات. نزیکەى سەد هەزار هاووڵاتى مەدەنیى کورد لە شاڵاوەکانى ئەنفالدا (١٩٨٧-١٩٨٩) تێداچوون، ئەویش بەهۆى ڕاگواستن، نیشتەجێکردن لە ئۆردوگاى زۆرەملێدا، کۆمەڵکوژى، هێرشى کیمیایى و خاپوورکردنى زیاتر لە دوو هەزار گوند.

دانیشتووانى کەرکووک، تا ئەو کاتەى هێزە کوردییەکان لە ساڵى ٢٠٠٣ دا شارەکەیان ئازاد کرد، بەردەوام دەبوونە قوربانیى پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ. لەو کاتەوە تا ئێستا، شارەکە بەتەواوى ئارام نەبووەتەوە و ئەو دۆخە نائارامەى هەیە بووەتە هۆى مردنى هەزاران کەس لە هێرشە تیرۆریستییەکاندا.

هەرێمى کوردستان

هەرێمى کوردستان دەکەوێتە باکوورى عێراق و بەپێى دەستوورى عێراق، لە ساڵى ١٩٩١ ەوە خاوەنى ئۆتۆنۆمییە و لەژێر دەسەڵاتى هێزە کوردییەکاندایە. هەرێمەکە سیستەمێکى پەرلەمانیى دیموکراسییانەى هەیە و تا ساڵى ٢٠١٤ و پێش کۆچکردنى ژمارەیەکى زۆر ئاوارە بۆى،  نزیکەى پێنج ملیۆن و دووسەد هەزار کەس ژمارەى دانیشتووانەکەى بووە.

لەماوەى دوازدە ساڵى ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانى هەرێمەکە توانیویانە ئارامى و سەقامگیرییەکى ڕێژەیى بۆ پارێزگاکانى سلێمانى و هەولێر و دهۆک دابین بکەن. بەم هۆیەوە، دۆخى هەرێمى کوردستان باشە و بەبەراورد بە بەشەکانى ناوەڕاست و خوارووى عیراق، ئاستى بژێوى ژیان تیادا بەرزە.

لە هاوینى ساڵى ٢٠١٤ ەوە تا ئێستا، ئەو سێ پارێزگا کوردییەى هەرێمى کوردستان بوونەتە شوێنى نیشتەجێبوونى نزیکەى یەک ملیۆن ئاوارەى ناوخۆى وڵاتەکە و دووسەد و چل هەزار ئاوارەى سووریاش. سەرەڕاى ئەمانەش، هێزە کوردییەکان (پێشمەرگە) بەدرێژایى دوو هەزار کیلۆمەتر لەجەنگدان لەگەڵ هێزەکانى دەوڵەتى ئیسلامى (داعش). ئەم دوو هۆکارە سەرەکییە دۆخێکى قورسى ئابوورى و سیاسییان بەسەر هەرێمەکەدا هێناوە چونکە وایان کردووە تاکە ناوچەى دیموکراسى و ئارامى ناوچەکە بەهۆى شەڕ و تیرۆر و توندوتیژیى تایفییەوە بکەوێتە بەرهەڕەشە.

سلێمانى و هەولێر

شارەکانى هەولێر و سلێمانى بەشێکن لە هەرێمى کوردستانى عێراق- ئەو هەرێمەى لە جەنگى یەکەمى کەنداودا ناوچەى دژەفڕین بوو- و لە دواى ساڵى ٢٠٠٣ ەوە بوونەتە خاوەنى ئارامى و ئازادی.

ژمارەى دانیشتووانى هەولێر و سلێمانى بە یەک ملیۆن کەس بۆ هەریەکەیان دەخەمڵێنرێت. ئەم ژمارەیە لە کوردەکان و ئەو عەرەبە ئاوارانە پێکهاتووە کە لە دواى ساڵى ٢٠٠٣ ەوە ڕوویان لە هەرێمەکە کردووە. سلێمانى وەک تازەگەرترین شارى عێراق وەسف دەکرێت و تیادا ئازادیى تاکەکەس لەبەرچاودەگیرێت. لەگە ئەمانەشدا، دۆخى ژیانى ژنان هێشتا جێى گرنگیپێدان و نیگەرانییە.

لەئێستادا شارى هەولێر، بەهۆى وەبەرهێنانى نێودەوڵەتییەوە لە شارەکەدا، زۆر خێرا گەشە دەکات، بەڵام بەبەراورد بە سلێمانى هێشتا شارێکى تەقلیدى و چەقبەستووە.

چەمچەماڵ

چەمچەماڵ دەکەوێت نێوان شارەکانى کەرکووک و سلێمانى. پێشتر شارۆچکەیەکى بچووک بوو، ژمارەى دانیشتووانەکەشى کەمتر لە بیست هەزار کەس بوو، بەڵام لەدواى کۆتاییهاتنی شاڵاوەکانى ئەنفالەوە ژمارەى دانیشتووانى شارۆچکەکە بۆ زیاتر لە پەنجا هەزار کەس بەرزبووەتەوە. بەهۆى خاپوورکردنى هەموو گوندەکانى دەوروبەرییەوە، خەڵک ناچاربوون ڕووبکەنە چەمچەماڵ و لە کامپەکانى شارۆچکەى (تەکیە)دا نیشتەجێ ببن، کە دە کیلۆمەتر لە چەمچەماڵەوە دوورە.

تا ئێستاش، رێژەى بێکاریى و کوشتن لە شارۆچکەکەدا بەرزە. چەمچەماڵ ناوچەیەکە کە جەنگ زۆرترین زیانى لێ داوە یەکێکە لە هەژارترین ناوچەکانى باکوورى عێراق چونکە زۆرێک لە دانیشتووانەکەى، کە پێشتر جووتیار بوون، ئێستا نە دەتوانن دووبارە دەست پێبکەنەوە و ژیانیان بەوشێوەیەى دەیانەوێت بنیات بنێت، نە دەشتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان و ئاوەدانیان بکەنەوە.

هەڵەبجە

هەڵەبجە دەکەوێتە باشوورى سلێمانى بە نەوەد کیلۆمەتر و ژمارەى دانیشتوانەکەشى بە دووسەد و پەنجا هەزار دەخەمڵێنرێت. هەڵەبجە زیاتر بەهۆى ئەو هێرشە کیمیاییەوە ناسرا کە لە بەهارى ساڵى ١٩٨٨ دا کرایە سەرى و بەو هۆیەشەوە پێنج هەزار هاووڵاتیى مەدەنیى شارەکە مردن و هەزارانى تریش بە هەمان هۆ تووشى کەمئەندامى  و کێشەى تەندروستیى هەمیشەیى بوون.

دواى ڕووداوى کیمیابارانکردنى هەڵەبجە، سوپاى عێراق دەستى کرد بە خاپوورکردنى شارەکە، زۆربەى قوربانییەکان ڕەوانەى وڵاتانى دەرەوە کران. تا ئەمڕۆش تێکشکاندنى ژێرخانى شارەکە واى کردووە هەڵەبجە یەکێک بێت لە هەژارترین ناوچەکانى باکوورى عێراق لەبەرئەوەى ڕێژەى بێکاری تیایدا بەرزە، ململانێى کۆمەڵاتی و توندوتیژیى خێزانیش تیایدا بەزەقى دیارن.

دهۆک

دهۆک دەکەوێتە نزیکى سنوورى تورکیا و پێش ئەوەى لە ساڵى ٢٠١٤ دا ژمارەیەکى زۆر ئاوارە ڕووى تێ بکەن، ژمارەى دانیشتووانەکەى دووسەد و پەنجا هەزار کەس بوو. ناوچەى دهۆک هەمیشە لەنێوان ڕژێمى بەعس و هێزە کوردییەکاندا ململانێى زۆرى لەسەر بووە. وەکو هەر بەشێکى ترى هەرێمى کوردستان، دانیشتوانى ئەم دەڤەرەش لەسەر دەستى ڕژێمى بەعس ئازارى زۆریان چەشتووە و بەر جەنگ و شاڵاوەکانى ئەنفال کەتوون. تا ساڵى ١٩٩١، ژمارەیەکى زۆر گوند و ژێرخانى مرۆیى ناوچەکە تێکشکان و لە ئەنجامى ئەوەشدا هەزاران کەس دیار نەمان، کە لەناویاندا دە هەزار کەسى سەر بە عەشیرەتى بارزانى هەبوون.

دواى ساڵى ٢٠٠٣، دهۆک و ناوچەى دەشتەکانى نەینەوا (موسڵ) بوونە شوێنى نیشتەجێبوونى ئەو کەسانەى لە دەست توندوتیژى و ململانێى مەزهەبى و پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ لە بەشەکانى ترى عێراقەوە بەرەو ئەوێ ڕایانکردبوو. لەماوەى دروستبوونى قەیرانى کۆچبەرانى سووریادا، نزیکەى سەد هەزار هاووڵاتیى سوورى ڕوویان لە پارێزگاى دهۆک کرد و نیوەیان لە کەمپى دۆمێزدا نیشەجێ کران. لەدواى پێشڕەوییەکانى دەوڵەتى ئیسىلامییەوە لە ساڵى ٢٠١٤دا، پارێزگاى دهۆک بووەتە لانەى نزیکەى شەش سەد هەزار کەس، کە زۆربەیان خەڵکى موسڵ و شەنگال بوون.