داعش

چەندین مانگێک پێش ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەتیان لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ دا، ئەو هێزەی کە ناوی "دەوڵەتی ئیسلامی" لەخۆی ناوە  جەنگێکی ئاینیی ترسناکی بەرپاکرد و جەنگەکە بە کۆنترۆڵکردنی چەند بەشێکی فراوانى پارێزگای ئەنبار دەستی پێکرد. تا ئێستا ئەو گرووپە تیرۆریستییە گەلێک ناوچەی لە سووریا و عێراق و سینا و خۆرهەڵاتی لیبیا بەدەستەوەیە. هێرشە سەربازییەکانی گرووپەکە چەندین تاوانی قێزەونی بەرامبەر بە چەکداران و خەڵکی سیڤیل لێکەوتۆتەوە و توندوتیژی بووەتە بەردی بناغەی ئایدۆلۆژی ڕێکخراوەکەیان. زۆر ڕێکخراو و دەزگا و لایەنی تری نێودەوڵەتی، لەنێوانیاندا نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین ڕێخراوی جیاواز بۆ مافەکانی مرۆڤ، "دەوڵەتی ئیسلامی"یان بە تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی تۆمەتبار کردووە.

تاوانەکانی جەنگ و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی

بەڵگەی زۆر و فراوان و بەهێز لەسەر ئەوەی جیهادییە توندڕەوەکان بەرپرسیارن لە کوشتنی هاوڵاتییە مەدەنییەکانی ئەو ناوچانەی داگیریانکردوون کۆکراونەتەوە، هەروەها کوشتنی بارمتە و دیلەکان و وێرانکردنی بەدکارانەی چەندین شار و ناوچە و شوێنی ئاینی و کلتووری. بەندکراوان لای ئەم گرووپە تیرۆریستییە بەبێ دادگایی سزا دەدرێن و دەشێوێنرێن یان دەکوژرێن. ئەم ڕەفتارانە بە تاوانی جەنگ دادەنرێن و پێشێلکارییەکی گەورەی ئەو یاسایەن کە مامەڵەی چەکداری پێ ڕێکدەخرێت. لەگەڵ ئەوەشدا "دەوڵەتی ئیسلامی" بە جۆرە شێوازێک هێرش دەکاتە سەر شکۆی مرۆڤایەتی خۆی و سووکایەتی بە مرۆڤەکان دەکات کە لەژێر یاساکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا بە تاوان دژ بە مرۆڤایەتی پێناسە دەکرێت. دڕندەییەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" بریتین لە لەسێدارەدان و کوشتنی بەکۆمەڵی ڕێکخراو و بەربڵاو، ڕفاندن، بەکارهێنانی منداڵ وەک سەرباز لە شەڕدا، زیندان کردنی هەڕەمەکی، بەکۆیلە کردن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیی سێکسی، بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤەوە هەروەها چەوساندنەوەی ئاینیی و نەتەوەیی.

چەوساندنەوەی ئاینی و نەتەوەیی

گرووپی تیرۆریستیی داعش هەموو ئەوانە ناچار دەکات کە لەژێر فەرمانڕەوایدا دەژین شوێن ئایدۆلۆژیا دەمارگیرانەکەی و لێکدانەوەکانی بۆ شەریعە بکەون. ڕاپۆرت کراوە کە بەزۆر ئاین پێگۆڕین کردارێکی زۆر بڵاوە و هەر کەسێک پابەند نەبێت بە یاساکانی تیرۆریستانەوە دووچاری چەوساندنەوە و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان یان ڕاگواستن دەبێتەوە، بەتایبەت موسوڵمانانی شیعە مەزهەب و کەمینە ئاینییەکانی وەک مەسیحى و تورکمان و یەزیدی و شەبەک و مەندائێکان  کە زیاتر لەلایەن تیرۆریستانەوە دەکرێنە ئامانج. لەئەنجامی ئەمانەدا، داعش بەرپرسیارە لە ئاوارەبوونی ناوخۆیی زیاتر لە ٢ ملیۆن و نیو هاووڵاتیى عێراقی. کاتێک تیرۆریستان لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا شارۆچکەی (شەنگال)یان گرت، نیوەی دانیشتووانە یەزیدییەکەی ئەو ناوچەیەیان کوشت و ئەوانی تریشیان دەربەدەر کرد. هەزاران کەس لە چیای شەنگال قەتیس بوون و دەبوو یان لەبرسا بمرن یان خۆیان ڕادەستی تیرۆریستان بکەن. کردنی کەمینەکان بە ئامانج بەم شێوە بەرنامە بۆ داڕێژراوە بە پاکتاوی ڕەگەزی دادەنرێت، هەر وەک چۆن ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دانی پێدا دەنێت. تەنانەت بەرپرسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەوڵێک بۆ ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید وەسفی دەکەن.

هاوسەرگیریی بەزۆر و دەستدرێژیی سێکسی و کۆیلایەتی سێکسی

"دەوڵەتی ئیسلامی" هەر لە سەرەتای چالاکییەکانیەوە وەک ڕێکخراوێکی جیهادیی تیرۆریستی سیاسەتێکی تایبەت بە ڕەگەز و توندوتیژیی ڕەگەزی بەکار هێناوە. دوای دەستبەسەراگرتنی شەنگال، بە مەزەندە، پێنج هەزار ژن و کچیان کردووە بە کۆیلەی سێکسی. داعش ئەجێندای دەمارگیرانەی خۆیان بەسەر جەستەی ژناندا دەسەپێنن و دەیانکەن بە گۆڕەپانی جەنگە بەناو پیرۆزەکەیان. گۆڤارە ئەلکترۆنییەکەی داعش بە فەرمی ڕوونکردنەوە و پاساوی بۆ بەکۆیلەکردن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی یەزیدی هێناوەتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەم جۆرە تاوانانە تەنها کەمینە یەزیدییەکان ناگرنەوە – لە ئازاری ساڵی ٢٠١٥ دا ڕفاندنی نزیکەی ٢٠٠ ژنی تورکمان بە فەرمی پشتڕاستکرایەوە. ڕاپۆرت لەسەر زۆر ژنیش دراوە کە لەکاتی هەڵهاتن و هاتووچۆی گرووپەکەدا کەوتونەتە سەر ژانى منداڵبوون و بەهۆی ئەوەوە گیانیان لەدەست داوە. ژنان وکچانی تەمەنە جیاوازەکان دووچاری توندوتیژیی جەستەیی و سێکسی بوونەتەوە و منداڵەکانیشیان شایەتحاڵی ئەو تاوانانە بوون. هەزاران ژن دەڕفێندرێن و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر و لە خانەکانی لەشفرۆشیدا بەند دەکرێن و لە بازاڕەکانی موسڵ و ڕەققە لە سووریا دەفرۆشرێن.

بەستەری دەرەکی

Amnesty International (2014): Iraq: Ethnic cleansing on historic scale. The Islamic State’s systematic targeting of minorities in northern IraqHuman Rights Watch (2015): Iraq World Report 2015The Guardian (2015): What will it take to stop Isis using rape as a weapon of war?UN Human Rights Council (2015): The human rights situation in Iraq in the light of abuses committed by the so-called Islamic State in Iraq and the Levant and associated groups