پێشێلکاریەکان

لە دوای دەستبەسەراگرتنی عێراق لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە و بە ڕابەریی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٣دا، ڕێخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان گەلێک ڕاپۆرتی جۆراوجۆریان پێشکەش کردووە لەسەر پێشێلکاری لە مافەکانی مرۆڤدا کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە یاخیبووە ناوخۆییەکان و تیرۆریستان و هەندێک میلیشیای تایبەت و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە کراون. جگە لە دۆخی کەمینەکان، تا ئێستا ژن و منداڵ و کەسانی بێدەسەڵات جێی زۆرترین بایەخ و نیگەرانین.

ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە و نەبوونی پاراستن بە شێوەیەکی یەکسان لەلایەن یاساوە

ساڵی ٢٠١١ عێراق جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و یاسای نەتەوە یەکگرتووەکانی دژی ئەشکەنجەی پەسەند کرد، بەڵام هێشتا جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەوەی لە یاسادا دانی پێدا نراوە و ئەوەی لە واقیعدا دەبینرێت. لایەنە نێودەوڵەتییە سەربەخۆکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان باس لە پێشێلکاری گەورەى مافەکانی مرۆڤ لە ناو دەزگاکانی دەستبەسەرکردن و زیندانەکانى عێراق لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە دەکەن. ئەو دەستدرێژیانەش کە دەکرێن بریتین لە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆڤانە یان بێڕێزیکردن بە زیندانیان- ئەنجامى ئەمانە هەندێک جار مردنە- زەوتکردنی مافی جێبەجێکردنی پرۆسە یاساییەکان بە شێوەی چاوەڕوانکراو و بە ستانداردی یاسایی خۆی، گرتن و دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکی یان نایاسایی یان نهێنی، نەبوونی لێپێچینەوە بەرامبەر تاوانکاران و نەبوونی چاودێریی دەرەکی.
یەکێک لە و ڕووداوانەی کە جیی زۆرترین مشتومڕە ئەشکەنجەدانی دەستبەسەرەکانی زیندانی ئەبو غرێبە لەلایەن پاسەوانە ئەمریکییەکانی ئەو زیندانەوە. ئەو پێشێلکارییە بەرنامەبۆداڕێژراوانەى بەرامبەر ئەو زیندانیانە کراون بریتی بوون لە هێشتنەوە لە زیندانی تاکە کەسیدا، چاو بەستنەوە، لێدان، هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی، هێشتنەوە لە دۆخێکی دەروونیى ڕووخێنەردا، خەو لێ زەوتکردن، خستنە بەر پلەی گەرمای زۆر بەرز یان زۆر نزم و مۆسیقای زۆر بەرز و چەندین شێوازی تری سووکایەتیپێکردن. هەروەها لەم ماوەیەدا هێزە بەریتانییەکان بە ئەشکەنجەدانی بەرنامەبۆداڕێژراوی دەسبەسەرە عێراقییەکان تۆمەتبار کراون و پێشێلکارییەکانیان ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
دوای ماوەیەکی کەم لەهەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لەژێر فەرمانڕەوایی ئەمریکادا، ساڵی ٢٠٠٤ سەر لەنوێ سزاکە گەڕێندرایەوە. بەهۆی ئەوەوەی لە ساڵی ٢٠١٢دا عێراق ١٢٩ سزای لەسێدارەدانی جێبەجێ کردووە، ئێستا عێراق لە جیهاندا لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدایە کە پێشەنگن لە سەپاندنی سزای لەسێدارەداندا، بە زۆریی بۆ تاوانی تیرۆر. بە لەچاوگرتنی لاوازیی سیستەمی دادوەریی لە عێراقدا،  ئەمە زیاتر دەبێتە مایەی دوودڵی، چونکە گرەنتی ئەوە نییە کە دادگاییەکان لەسەر ستانداردی دادپەروەرانە بەڕێوە بچن و زۆر جار بڕیاردان بەسەر تاوانبارێکدا لە ئەنجامی گرتنەبەری ڕێ و شوێنی ناداپەروەرانەوەیە یان لەسەر بنەماى وەرگرتنی دان پێدانان لە تاوانباران بەزۆر و لەژێر ئەشکەنجەدا. پێشکەوتن تەنها لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت چونکە لەوێ حکومەت لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە جێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەدانی بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرتووە و لەم ماوەیەدا پرۆژە یاسایەکی پێشکەش کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان.

هەڕەشە لەسەر ژیان و ئازادی و ئاسایشی زیندان

لە ساڵی ٢٠٠٣ وە یاخیبووان و تیرۆریستان و گرووپە مەزهەبییەکان هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان و کاربەدەستانی عێراقی و هێزە ئەمنیەکان و خەڵکی سیڤیلی عێراق.
چاندنی بۆمب و ڕفاندن و داواکردنی پارە بۆ بەردانی بارمتە و خەڵک کردنە ئامانجی کوشتن هەموو ڕێگای باون بۆ تۆقاندن و لەناوبردنی ڕکابەران و ناجێگیرکردنی وڵات بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵات و پارە.
لە ساڵانی ٢٠٠٣وە بۆ ٢٠١٢ کوشتنی زیاتر لە ١٢٠ هەزار هاوڵاتی سیڤیل لە عێراق تۆمار کراوە. بۆمب بۆتە هۆی کوشتنی نزیکەی ١٢،٥٠٠ هاوڵاتی و برینداربوونى ٣٠٠،٠٠٠ ی تر کە لەسەدا ٩٨یان سیڤیل بوون. زۆربەی هێرشەکانی گرووپە مەزهەبییەکان دەبنە هۆی توندوتیژیی مەزهەبى و دەکرێت ببەسترێنەوە بە ڕێخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە و گەلێک گرووپی توندڕەوی تر و ملیشیا سەربازییە نافەرمییەکان و میلیشیا تایبەتەکان. لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت هێزە ئەمریکییەکانیش بە بەرپرس دابنرێن بەرامبەر بە مردنی هاوڵاتی سیڤیل لە کاتی ئەنجامدانی چالاکییە ئەمنییەکاندا.
لەدوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ساڵی ٢٠١١دا، شەپۆلی توندوتیژیی کەمی نەکرد، بەڵکو بایەخی خۆی گۆڕی بۆسەر یاخیبوونی تائیفی و دژە-حکومەت.
بەرپرسان لە بەغدا شکستیان هێناوە، بەتایبەتی لە پاراستنی هاونیشتمانیان لە هێرشی چەکداری لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق و شارى کەرکوک. لە هەمان کاتدا دۆخەکە لە هەرسێ پارێزگاکەی باکوور تا ڕادەیەکی بەرچاو بە ئارامی و جێگیری ماوەتەوە.

جیاکاری بەرامبەر کەمینەکان و گرووپە بێدەسەڵاتەکان

هەتا ئەمڕۆش ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵگە ئاینی و نەتەوەییە پەراوێزخراوەکان لە عێراق ڕۆژانە جیاکارییان بەرامبەر دەکرێت. کەمینەکانی وەک مەسیحی و یەزیدی و ئاشووری و مەندائی و شەبەک بەبەردەوامی دووچاری چەوساندنەوە دەبنەوە و چەوساندنەوەکەش لە شێوەی کوشتن و هێرشی تیرۆریستیی و هەڕەشەی کوشتن و وێرانکردنی شوێنی خواپەرستییان و ڕفاندن و ڕاگواستن و وەدەرناندا دەردەکەوێت.
گرژییە ئاینییە کۆنەکانی نێوان موسوڵمانانی سونە و شیعە بەهۆی بوونی ئاواتی گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی زیادیان کردووە.  لەدوای ڕووخانی ئەو سیستەمە دیکتاتۆرییەی سونە تیایدا باڵادەست بوو، کەسانی شیعە مەزهەب زیاتر دەتوانن بگەن بە فەرمانڕەوایی سیاسی. بەپێچەوانەوە ئێستا سونەکان زۆر پەراوێزخراون و گلەییان هەیە لەو جیاکارییە گەورانەی لە بواری خوێندن و نیشتەجێکردن و دامەزراندندا بەرامبەریان دەکرێن. هەردوو گرووپ بە هێرشی بۆمب و تاقمی کوشتن یەکتر دەتۆقێنن، کە ئەمانە زۆرترین قوربانیەکانیان خەڵکی سیڤیلن.
نایەکسانیی ڕەگەزی بەشێوەیەکی بەربڵاو یەکێکی ترە لە پێشێلکارییەکان لە  مافە سەرەکییەکانی یەکسانییدا. عێراق چووەتە پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری دژی ژنان هەروەها جاڕنامەی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنانی گرتۆتە خۆی. لەگەڵ ئەمەشدا ژنانی عێراق هێشتا هاوڵاتی پلە دوون و زۆربەی مافە سەرەکییەکانیان لێ زەوت کراوە، هەروەک ئازادیی هەڵبژاردن و ڕادەربڕین، هەروەها خوێندن و بڕیاردان لەسەر چارەنووسی جەستەییان. لەنێو زۆر ماڵ و خێزاندا وا دادەنرێت کە بەکارهێنانی توندوتیژیی دەروونی و جەستەیی بەرامبەر بە مێینەکانی خیزانەکە مافی سرووشتیی پیاوەکانن. هەرچەندە ساڵی ٢٠١١ یاسایەکی نوێ لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرا، بەڵام هێشتا زۆر بەکەمی جێبەجێ دەکرێت. توندوتیژیی پەیوەست بە شەرەفەوە،  هەروەک هاوسەرگیریی بەزۆر و کوشتن لەسەر شەرەف هێشتا لەسەرانسەری وڵات پەیڕەو دەکرێن.
لەدوای ژنان، منداڵان یەک لە بێدەسەڵاتترین گرووپەکانی کۆمەڵگای عێراقین. عێراق چووەتە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵ، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا منداڵان بە شێوەیەکی بەربڵاو بەدەست توندوتیژیی و دەستدرێژییەوە دەناڵێنن. لەگەڵ ئەوەی لە یاسا نوێیەکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی ساڵی ٢٠١١دا  بەشێک هەیە کە ڕێ لە هاوسەرگیریی منداڵان دەگرێت، هێشتا کچان لە تەمەنێکی زۆر منداڵدا دەدرێن بە شوو.

بەستەری دەرەکی

Amnesty International (2006): Beyond Abu Ghraib: Detention and torture in Iraq
Amnesty International (2010): Iraq. New Order, Same Abuses. Unlawful Detentions and Torture in Iraq
Amnesty International (2013): Annual Report 2012
Foreign and Commonwealth Office (2012): Human Rights and Democracy: Iraq
Human Rights Watch (2007): Caught in the Whirlwind. Torture and Denial of Due Process by the Kurdistan Security Forces
Human Rights Watch (2009): On Vulnerable Ground. Violence against Minority Communities in Nineveh Province's Disputed Territories
Human Rights Watch (2011): Iraq. At a Crossroads. Human Rights in Iraq Eight Years after the US-Led Invasion
Human Rights Watch (2013): Iraq: Urgent Need for Death Penalty Moratorium
Iraq Body Count: Casualties of suicide bombings in Iraq, 2003-2010
The Guardian (2013): British army's investigations into Iraq deaths to be reopened
UNAMI Human Rights Office/OHCHR, Baghdad (2011): 2010 Report on Human Rights in IraqUNAMI Human Rights Office/OHCHR, Baghdad (2011): 2010 Report on Human Rights in Iraq
UNAMI: Human Rights Reports on Iraq