پێشێلکاریەکان

لە ژێر فەرمانڕەوایی حیزبی بەعسی سەددام حوسەیندا (١٩٧٩-٢٠٠٣) ، ڕۆژانە پێشێلکاری گەورە لە مافەکانی مرۆڤدا، وەک بەشێک لە ئایدۆلۆژیای زۆردارانەی بەعەرەبکردن، دەکران. رژێمی بەعس بۆ لەناوبردنی ڕکابەرەکانی و ناچارکردنی خەڵک لەسەر ملکەچکردن بۆ سیستەمە فەرمانڕەواییە توندوتیژەکەى، ئەشکەنجە و سزای لەسێدارەدانی بە بڵاوی بەکار دەهێنا، هەروەها سزای لەسێدارەدان لە دەرەوەی یاسا وەک ئامڕازێکی سەرکوتکردنی سیاسی بەکار دەهێنا. کاتێک دەستبەسەرکراوەکان بەند دەکران، زۆر جار بۆ چەندین مانگ و ساڵ مافی پەیوەندیکردیان بە کەسوکار یان پارێزەرەکانیانەوە نەدەبوو، ئەمە لەکاتێکدا زۆر بەخراپی ئەشکەنجە دەدران. زۆر بەندکراو لە ئەنجامی ئەو جۆرە مامەڵەیەدا گیانیان لەدەست داوە یان زیانی جەستەیی و دەروونی هەمیشەییان پێگەیشتووە.
لە ساڵی ١٩٧٠ بەولاوە ڕژێمی بەعس و سەددام حوسەین، کە ئەو کات سەرۆک وەزیران بوو، لە هەوڵدا بوون بۆ گۆڕینی پێکهاتەی نەتەوەیی کوردستان لە بەرژەوەندی عەرەب، بۆ ئەوەی بەئاسانی بگەن بەو هەرێمەى زۆر دەوڵەمەند بوو بە نەوت. نزیکەی ٢٥٠ هەزار کورد بە زۆرە ملێ ڕاگوێزران و عەرەبی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە خانوو و زەوییەکانیاندا نیشتەجێ کران.
لە چوارچێوەی ئەو شاڵاوانەدا کە بە "ئەنفال" ناسران و لە ساڵانی ١٩٨٨-١٩٨٩ ڕوویان دا، تاوانی جینۆساید دەرهەق بە هاووڵاتییە کوردەکانی باکووری عێراق کرا. وا مەزەندە دەکرێت کە ئەو پرۆسەیە بووبێتە هۆی لەناوچوونی ١٠٠-١٨٠ هەزار کورد و کاول بوونی ٣٠٠٠-٥٠٠٠ گوند و ئاوارەبوونی چەند سەد هەزار هاوڵاتی نا عەرەب. یەکێک لە دیارترین تاوانەکانی رژێمی بەعس دژ بە گەلى کورد هێرشە کیمیاییەکەی سەر شاری هەڵەبجە بوو کە لە ١٦ی ئازاری ساڵی ١٩٨٨دا ڕوویدا و تیایدا زیاتر لە ١٥ هەزار هاوڵاتی یان ئەو ساتە یان بە درێژایی دەیەی داهاتوو بوونە قوربانی.
کاتێک شکستی عێراق لە جەنگی یەکەمی کەنداوی ساڵی ١٩٩١دا بوو بە ڕاستییەکی ڕوون و ئاشکرا، ڕاپەڕینی ناوخۆیی دژی ڕژێم لە ناوچە شیعە مەزهەبەکانی باشووری عێراق و لە هەرێمی کوردستان بەرپا بوو. رژێمی عێراقیش بە شێوازی دڕندانەی جۆراوجۆر کەوتە سەرکوتکردنی ئەو ڕاپەڕینە، هەر وەک خەڵک بێ سەروشوێنکردن و لەسێدارەدان و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و ئەشکەنجەدان.

بەستەری دەرەکی

Human Rights Watch (1992): Endless Torment: The 1991 Uprising in Iraq and its Aftermath

Human Rights Watch (1993): Genocide in Iraq: The Anfal Campaign Against the Kurds

Human Rights Watch (2004): Claims in conflict. Reversing Ethnic Cleansing in Northern Iraq

Human Rights Watch (2011): Iraq. At a Crossroads. Human Rights in Iraq Eight Years after the US-Led Invasion