گەڕاندنەوەی ماف بۆ ڕزگاربووانی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ

Right to Redress

ڕاهێنانەوە بەشێکە لە چەمکی ماف بۆ گەڕاندنەوە، کە لە بڕگەی ١٤ ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانى دژی ئەشکەنجەدا هاتووە و بە مافێکی ڕەواى قوربانیانی ئەشکەنجە دادەنرێت. ئەم بڕگەیە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە پێویستە قوربانییان دەرفەتی ئەوەیان بدریتێ چارەسەری کاریگەر وەربگرن و لەبەرامبەر ئەو هەموو ئێش و ئازارەی لەژێر ئەشکەنجەدا چەشتوویان، قەرەبووی تەواو بکرێنەوە.

چارەسەری کاریگەر بە شێوەیەکی سەرەکی داواکارییەکە وماناکەى ئەوەیەپێویستە ئەو دەوڵەتەی لەژێر دەسەڵاتیدا ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ کراوە، بە شێوەیەکی گونجاو و کاریگەر لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو دەنگۆیانە بکات و دەبێت ئەنجامدەرانی ئەشکەنجەکەش بەرپرسیاریەتییەکە هەڵبگرن. هەروەها پێویستە قوربانیان دەرفەتی ئەوەیان بۆ بڕەخسێندرێت کە ڕێ و شوێنی یاسایی بگرنەبەر بۆ ئەوەی بەتەواویی بە پێی پێویست قەرەبوو بکرێنەوە .

قەرەبووکردنەوە ئەو پێنج داواکارییە بچینەییە پەیوەندیدارە لە خۆدەگرێت کە پەیوەندیدارن بە گەڕاندنەوەى ماف بۆ ڕزگاربووانی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ، مافەکانیش بریتین لە: گەڕانەوە بۆ دۆخی جاران ، قەرەبووکردنەوە، ڕازیکردن، زامنکردنی دووبارە نەبوونەوە و ڕاهێنانەوە.
جگە لە ڕاهێنانەوە- کە بنکەی کەرکوک بە تایبەت مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکات- بەشەکانی تری ماف بۆ گەڕاندنەوەش گرنگن، کە ئەمانەن:

گەڕانەوە بۆ دۆخی جاران ئەوە دەگەبەنێت کە قوربانییەکە پێش ئەو ئەشکەنجەیەی پێیدا تێپەڕیوە، لە هەر دۆخێکی ماددی و جەستەییدا بووبێت، دەبێت بە باشترین شێوە کە لە توانادا بێت بگەڕێندریتەوە ئەو دۆخەی جاران.

قەرەبوو کردنەوە واتا قەرەبووی دارایی یان ماددی یان هەر شتێکی تر کە نەتوانریت بگێڕدرێتەوە بۆ دۆخی جاران، وەک باری تەندروستی یان شکۆی قوربانییەکە.

ڕازیکردن زۆر جار ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو دەوڵەتەی لە ژێر دەسەڵاتیدا ئەو ئەشکەنجەیە کراوە دەبێت بە شێوەیەکی ڕەمزی یان فەرمی لەبەردەم خەڵکدا دان بە ئێش و ئازاری قوربانییەکەدا بنێت یان بە ڕوونی ڕاستی ئەو کارەی کراوە بۆ هەموو کۆمەڵگا ئاشکرا بکات.

زامنکردنی دووبارە نەبوونەوە بە هەمان شێوە پێویستی بەوەیە دەوڵەت بەئاشکرا بە قوربانییەکە و هەموو ئەندامانی دەستەی یاسایی دەوڵەتی ڕابگەیەنێت کە جاریکی تر بەشدار نابێت لەو جۆرە کارە نەشیاوەدا.

ڕاهێنانەوە جێی بایەخی سەرەکیی (دەزگای ژیان)ە. بەپێی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەشکەنجە، دەبێت چارەسەرکردن بۆ ڕزگاربووانی ئەشکەنجە چارەسەری پزیشکیی و دەروونی بگرێتەوە، هەروەها خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و یاساییش. هەموو ئەم بەشانەی ڕاستکردنەوە دەبێت ئامانجیان هێنانەوە جێی خۆی سەربەخۆیی جەستەیی و ئەقڵی قوربانییەکە بێت هەروەها تێکەڵ کردنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگادا.

بەستەری دەرەکی

UN Committee Against Torture (CAT), General Comment No. 3: Implementation of Article 14 by States Parties, 13. December 2012, CAT/C/GC/3