قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانییانی پێشێلكارییه‌ قورسه‌كانی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی مرۆڤ و تاوان و یاسا مرۆییه‌كان

Gross Violations

ئه‌و كه‌سانه‌ی بوونه‌ته‌ قوربانیی پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ یان پشتگوێخستنی یاسا مرۆییه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌و یاسا مرۆییه‌كانی تایبه‌تن به‌ تاوانه‌ قورسه‌كانی وه‌ك جینۆساید، ئه‌شكه‌نجه‌دان و تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی، به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌. ئه‌م مافه‌ش له‌ ساڵی 2005 دا و له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ له‌ نووسراوێكدا ڕوون كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ناوه‌كه‌ی بریتیه‌ له‌ پره‌نسیب و ڕێكاره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی چاره‌سه‌ركردن و ڕاهێنانه‌وه‌ی قوربانییانی پێشێلكارییه‌ قورسه‌كانی یاسای مافی مرۆڤ و یاسا مرۆییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.

ئه‌و نووسراوه‌ به‌باشی بڕ و ناوه‌ڕۆكی ئه‌و چاره‌سه‌ر و ڕاهێنانه‌وه‌ و قه‌ره‌بووانه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌شێت پێشكه‌ش به‌ قوربانییان بكرێن. نووسراوه‌كه‌ دوو مافی سه‌ره‌كی ده‌داته‌ قوربانییان ئه‌وانیش مافی وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافی یاسایی خۆیان به‌پێی یاسا، هه‌روه‌ها مافی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر و ڕاهێنانه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تی، كه‌ مه‌به‌ست لێی گێڕانه‌وه‌ی قوربانییه‌كانه‌ بۆ ئه‌و دۆخه‌ ده‌روونییه‌ ئاساییه‌ی پێش ڕوودانی پێشیلكارییه‌كه‌ تیایدا ژیاون.

مافی یه‌كه‌م، كه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كانی كه‌سی قوربانییه‌ به‌پێی یاسا، ڕێگا ده‌دات به‌ناوی كه‌سی قوربانییه‌وه‌ داوای گرتنه‌به‌ری ڕیوشوێنی یاسایی بكرێت و له‌و پێشێلكارییانه‌ بكۆڵدرێته‌وه‌ كه‌ ڕوویان داوه‌، ئه‌مه‌ش یارمه‌تیی قۆناغی دووه‌م ده‌دات، كه‌ گێڕانه‌وه‌ی قوربانییه‌كه‌یه‌ بۆسه‌ر دۆخی پێشووی ژیانی. پێویسته‌ مافی دووه‌م، كه‌ ڕاهێنانه‌وه‌ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه‌، ئه‌مانه‌ له‌خۆ بگرێت؛ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ده‌روونی- كه‌ مانای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و زیانه‌ ده‌روونییانه‌یه‌كه‌ به‌ر قوربانییه‌كه‌ كه‌وتوون- قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ماددی- به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌سته‌م بێت قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م پێشكه‌ش بكرێت- ڕازیكردن- كه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ ڕاستییه‌كه‌ ئاشكرا بكرێت و به‌فه‌رمی داوای لێبوردن له‌ قوربانییه‌كه‌ بكرێت، یان مه‌راسیمێكی ڕێزلێنانی بۆ ڕێك بخرێت، هه‌روه‌ها دڵنیاش بكرێته‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ جارێكی تر ڕووناده‌نه‌وه‌.

له‌ هه‌موو ئه‌م حاڵه‌تانه‌دا، گرنگه‌ تێبینی ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ ئه‌گه‌ر تاوانبار بدۆزرێته‌وه‌ یان نا، پێویسته‌ ئه‌م ماف و ڕاهێنانه‌وه‌ و قه‌ره‌بووكردنه‌وانه‌ پێشكه‌ش به‌ قوربانییه‌كه‌ بكرێن. له‌كاتێكدا خوددی تاوانبار ناتوانێت قه‌ره‌بووه‌كان دابین بكات-جا به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ بێت كه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ یان له‌ڕووی داراییه‌وه‌ توانای ئه‌وه‌ی نییه‌- پێویسته‌ ده‌وڵه‌ت ئه‌و ڕاهێنانه‌وه‌ و قه‌ره‌بووانه‌ دابین بكات.

ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت ده‌ستی هه‌بووبێت له‌ پێشێلكارییه‌كاندا، هه‌روه‌ك زۆرجار ڕوو ده‌دات، به‌تایبه‌ت له‌ حاڵه‌ته‌كانی جینۆساید و ئه‌شكه‌نجه‌دان و تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی.

هه‌روه‌ها پێویسته‌ له‌و تاوانانه‌دا كه‌ دژ به‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك ده‌كرێن وه‌ك جینۆساید و تاوانه‌كانی دژی مرۆڤایه‌تی، قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵ پێشكه‌ش بكرێت، له‌م باره‌شدا، قوربانییه‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆكانیش ڕاهێنان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌.