Prohibition of Torture

قەدەغەکردنی نێودەوڵەتی ئەشکەنجە پابەندە بە بڕگەی ٧ ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (پ.ن.م.م.س). دەقی تەواوی ئەم بڕگەیە قەدەغەکردنی مامەڵە یان سزای نامرۆڤانە و پڕ لە سووکایەتییش لەخۆ دەگرێت – ئەمەش ڕاستییەکە زۆر جار لەبیر دەکرێت.

زۆربەی ئەو ڕێکەوتننامانەی تر کە تایبەتن بە مافەکانی مرۆڤ، بۆ نموونە ئەوانەی بۆ گرووپێکی تایبەت لە خەڵک دانراون هەروەک پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی منداڵ یان پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کەم ئەندامان، باسی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە دەکەن، هەروەها  قەدەغەکردنی ئەشکەنجە لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا هەیە کە لە کاتی پێکدادنی چەکداریدا بەکار دەهێنرێت.

لە یاسای نێودەوڵەتیدا، ئەشکەنجە پایەیەکی تایبەتی هەیە، کە سەر بە گرووپێکی بچووکی بەندە یاساییە نێودەوڵەتییەکانە و پێیان دەوترێت یاسا "نەگۆڕ"ەکان یان "یوس کۆگەنس". ئەم جۆرە یاسایانە لە یاسای نێودەوڵەتیدا هێندە سەرەکیین کە ناکرێت هیچ بەهانەیەکی یاسایی بۆ بەزاندنیان بهێنرێتەوە. دەکرێت بوترێت کە تەواوی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و مامەڵە یان سزای نامرۆڤانە و پڕ لە سووکایەتی ئەم پایەیەی هەیە و هەر جۆرە بەزاندێکی ئەم یاسایەش- گرنگ نییە بار و دۆخەکە چۆنە- دەستدرێژییەکی گەورەیە بۆسەر مافەکانی مرۆڤ و یاسای مرۆیی.

وەک چۆن پێشتر ئاماژەی پێكرا، جیاوازی لەنێوان هەر سێ چەمکی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە و پڕسووکایەتی هەیە. لە کاتێکدا ئەشکەنجە لە بەشی تایبەت بە پێناسەی ئەشکەنجە، بەباشی ڕوونکراوەتەوە، مامەڵەی نامرۆڤانە و پڕسووکایەتیش، لێرەدا بە کورتیی باس دەکرێن:
مامەڵەی نامرۆڤانە، وەک ئەشکەنجە، خراپە و پێویستی بە ئامانجێکیش نییە بۆ کردنی، هەروەها بەزاندنی یاسای قەدەغەکردنەکەی وا لە ئەنجامدەرانی ناکات لە دادگای تاوان دادگایی بکرێن.

جگە لەمە، هێشتا هەندێک ناکۆکی هەیە لەسەر ئەوەی ئایا قورسیی ئازار چەشتنی بەرامبەر دەکرێت یەکسان بێت لەگەڵ یەکێک لەو مەرجانەی وا دەکەن ئەو مامەڵەیە بە ئەشکەنجە دابنرێت، یان بڕێکی کەمتر لە ئێش و ئازار بایی ئەوەندەیە کە جۆرە مامەڵەیەک بە نامرۆڤانە دابنرێت. ئەوەی لێرەدا دەبێت بوترێت ئەوەیە دەکرێت مامەڵەی نامرۆڤانە هەمان ئەو ئێش و ئازارەی لێ بکەوێتەوە کە بە هۆی ئەشکەنجەوە دروست دەبێت، بەڵام مەرجیش نییە هەموو جارێک وا بێت.

مامەڵەی پڕسووکایەتی، هێندەی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە قورس نییە و زۆر جار لایەنی دەروونی دەگرێتەوە. ئەوەی بەئاشکرا یەکێک لە چاوی خۆیدا سووک بکرێت و کەم بکرێتەوە دەکرێت بایی ئەوەندە بێت کە ئەو مامەڵەیە بە مامەڵەی پڕسووکایەتی دابنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە هەر شتێک بە مامەڵەی پڕسووکایەتی دابنرێت دەبێت ئەو سنووری ئازار چەشتن و هەست بە کەمییە تێپەڕێنێت کە وا دەکات بە پێی یاسا ئەنجامدەران دەست بەسەر بکرێن.