پێناسەی ئەشکەنجە لە یاسای نێودەوڵەتیدا

Definition of Torture

لە بەندی یەکەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەشکەنجە پێناسەی ئەشکەنجە کراوە بە:

"...هەر کردارێک بەمەبەست بەرامبەر کەسێک بکرێت و ئێش و ئازارێکی زۆری جەستەیی یان دەروونی لێ بکەوێتەوە، ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی زانیاری یان دانپێدانان لەو کەسە وەربگیرێت، یان بەئامانجی سزادانی ئەو کەسە لەسەر شتێک کە خۆی یان لایەنێکی سێیەم کردوویەتی یان گومان هەیە کردبێتی، یان بەئامانجی تۆقاندن و فشارخستنە سەر ئەو کەسە یان کەسێکى تر (لایەنى سێیەم)، یان بۆ هەر هۆیەک کە بنەماکەی جیاکاری بێت، ئەمەش کاتێک ئەو ئازارە بە دەستپێشخەری یان ئاگاداری یان ڕەزامەندی کاربەدەستێکی حکومی یان هەر کەسێکی تر کە دەسەڵاتێکی فەرمی هەبێت کرابێت".

هەر بۆیە بۆ ئەوەی شتێک لەژێر یاسای نێودەوڵەتیدا بە "ئەشکەنجە" دابنرێت، دەبێت بەلایەنی کەمەوە یەکێک لەم چوار تایبەتمەندیەی تێدا بێت:  ببێتە مایەی ئێش و ئازارێکی زۆر، شتەکە بە مەبەست کرابێت (نەک ڕووداو بێت یان ئەنجامی کەمتەرخەمی بێت)، ئامانجەکەی یەکێک لەوانە بێت کە لەسەرەوە باسکران، یان هەر هۆیەک کە زۆر لەوانە بچێت، دواین تایبەتمەندیش ئەوەیە لەلایەن یان بە دەستپێشخەری یان ڕەزامەندیی کەسێک کرابێت کە دەسەڵاتێکی فەرمی هەیە".

زۆر جار بەتەنیا خەمڵاندنی قورسی ئەو ئێش و ئازارەی قوربانییەک پێیدا تێپەڕیوە بە شێوەیەکی کەسی یان بێلایەنانە کارێکی زەحمەتە، بەڵکو دەبێت هەردوو لایەن لەبەرچاو بگیرێن. زۆرجار ئەو ئاماژە گەورانەی کە پێمان دەڵێن شێوازی مامەڵەکردنێک گەیشتۆتە ئاستی ئەشکەنجەدان یان نا پەیوەستە بۆ نموونە بە تەمەن و تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی قوربانییەکەوە، هەروەها قورسی و درێژخایەنی ئەو مامەڵە خراپەی بەرامبەرى دەکرێت.

داواکاری مەبەستدار زۆر گرنگە بۆ ئەوەی کردارێک بە ئەشکەنجە دابنرێت، چونکە ئەوە بنەمای تاوانباربوونی ئەو کەسەیە کە ئەو کارەی کردووە. ئەمە بێگومان ئەوە ناگەیەنێت کە خەڵکی، ئەگەر مامەڵەیەکی خراپ بەمەبەست بەرامبەریان نەکرابێت، بە هەمان شێوە ئازار و ئەشکەنجە ناکێشن، هەروەک پشتگوێخستنی بێمەبەست، بەڵام ئەمە ڕەنگە لەو کاتەدا بچێتە ژێر مامەڵەی نامرۆڤانەوە نەوەک ئەشکەنجە.

لیستی ئەو ئامانجانەی باسکران گشتگیر نییە و تەنها ئاماژەیە بۆ ئەو جۆرە مەبەستانەی کە زۆرجار ئەشکەنجەدانیان بۆ بەکاردەهێنرێت. کرۆکی سروشتی ئەو ئامانجانە زۆر جار پەیوەستبوونیانە بە بایەخی لایەنە فەرمییەکان بەرامبەر هەندێک شتی وەک یەکلاکردنەوەی تاوان یان سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن.

لەو چوار تایبەتمەندییەدا- بە تایبەت دوا تایبەتمەندى کە دەڵێت مامەڵەی خراپ ئەو کاتە بە ئەشکەنجە دادەنرێت کە لەلایەن کاربەدەستێکی فەرمییەوە کرابێت- زۆر گرنگە بۆ ڕێگە گرتن لە ئەشکەنجە، هەروەها هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیش لەلایەن دەوڵەتەوە لە کەیسى پێشێلکاریى لە مافەکانی مرۆڤدا زۆر گرنگە، چونکە لە ڕێگەی ئەمەەوە دەتوانرێت داوای دادگاییکردنی ئەو کەسە بکرێت کە تاوانی ئەشکەنجەدانى کردووە.

گرنگە تێبینی ئەوە بکرێت کە ڕێگەگرتن لە ئەشکەنجە زۆر جار ڕێگەگرتن لە مامەڵەی نامرۆڤانە و بێڕێزانە دەگرێتەوە و ئەمانەش پێویستییان بە هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی سەرەوە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جۆرە مامەڵەیە هەر وەک ئەشکەنجە هەمان ئێش و ئازار بۆ قوربانییەکە دروست دەکات.